وتەبێژی کرملین دمیرتی پێسکۆڤ ڕایگەیاند، ڕۆژی ھەینی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن فەرمانی بە سوپای وڵاتەکەی کردووە لە پێشڕەوی بووەستن و چاوەڕێی وەڵامی لایەنی ئۆکراین بن کە ئایا ئامادەی ئەنجامدانی گفتوگۆن یان نا.


بە وتەی ئەو وتەبێژەی سەرۆکایەتی ڕووسیا، ئۆکراین وەڵامی دەستپێشخەرییەکەی مۆسکۆی نەداوەتەوە بۆیە سوپای ڕووسیا دووبارە دەستیکردووەتەوە بە پێشڕەویکردن.


ئەمەش لەکاتێکدایە، ڕۆژی ھەینی سەرۆکی ئۆکراین ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی ئامادەیی وڵاتەکەی نیشاندا بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەگەڵ ڕووسیا بەئامانجی ئەوەی کۆتایی بە گرژییەکان بھێنن، ھەمان ڕۆژ وتەبێژەکەی سەرۆکایەتی ڕووسیا ڕایگەیاند مۆسکۆش ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لە مینسک و بیلاڕووس.


بە گوتەی وتەبێژی کرملن، لایەنی ئۆکراین داوای کردووە شوێنی کۆبوونەوەکان ببرێتە پۆڵەندا و وارشۆ، بەڵام دواتر ئۆکراین وەڵامی مۆسکۆی نەداوەتەوە.


لە لێدوانێکدا پێش کۆبوونەوەی لەگەڵ ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕووسیا، ڤلادیمیر پووتین ڕۆژی ھەینی داوای لە سوپای ئۆکراین کرد سەرکردە سیاسییەکانی وڵاتەکەیان وەدەر نێن و ڕازیبن بە دانوستان بۆ ئاشتی.