پۆلیسی ئۆکراینیش داوای لە ھاوڵاتیان کرد، لە کاتی بیستنی دەنگی زەنگی ئاگادارکردنەوە بچنە ژێر زەمین و پەناگە و میترۆکان، بۆ ئەوەی پارێزراوبن لە بۆردومانەکان.

سوپای ئۆکراین ڕایگەیاند، درەنگای شەوی ڕابردوو ھێرشێکی سوپای ڕووسیایان لە یەکێک لە شەقامە سەرەکییەکانی کیێڤی یایتەخت تێکشکاندووە، کاتێک ویستوویانە پێشڕەوی بکەن بۆ دەستبەسەرداگرتنی وێستگەیەکی کارەبا لە یەکێک لە گەڕەکەکانی باکوری پایتەخت.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە بەرەبەیانەوە ڕووسیا بە موشەکی دوورھاوێژ بە چڕی بۆردومانکردنی فڕۆکەخانەکانی خۆرھەڵاتی ئۆکراینی دەستپێکردووە.

ئاژانسی ھەواڵی ڕۆیتەرزیش لە زاری سوپای ئۆکراینەوە بڵاویکردەوە، سوپای ڕووسیا بە مووشەکی جۆری کالیبەر و کروز لە دەریای ڕەشەوە بۆردومانی ئۆکراین دەکات.

ئاژانسی ئەسۆشیەیتید پرێسیش بڵاویکردەوە، ڤۆلۆدیمیر زیلینسکی پێشنیازێکی واشنتۆنی ڕەتکردووەتەوە، بە گواستنەوەی بۆ دەرەوەی کیێڤ.

ڕاوێژکارێکی نوسینگەی سەرۆکی ئۆکراینیش بڵاویکردەوە، ڕەوشی کیێڤی پایتەخت لە ژێر کۆنترۆڵدایە.

دەستەی ئەرکانی گشتی سوپای ئۆکراینیش ڕایگەیاند، لە بەرەی باکوری پایتەختەوە شەڕ بە سەختی لە نێوان سوپای ئۆکراین و سوپای ڕووسیا بەڕێوەدەچێت و ئاژانسەکانی ھەواڵیش باس لەوە دەکەن، سوپای ڕووسیا لەو بڕوایەدا نەبووە، ڕووبەڕووی بەرگری بەھێزی سوپای ئۆکراین ببێتەوە.