ڕوسیا و ئۆکراین پێگەیەکی گرنگی ئابورییان لەسەر ئاستی جیھان ھەیە و خۆراک و سوتەمەنی بۆ چەندین وڵات ھەناردە دەکەن، بە پێی ئامارەکانی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی جیھانی، ڕوسیا لەسەر ئاستی بازاڕی جیھان بە ڕێژەی ١٨% گەنم و ٢٠% گوڵەبەڕۆژە و ١٧% گازی سروشتی و  ١٢% نەوت و ٩% پەتاتە بەرھەمدەھێنێت .

ئۆکراینیش لەسەر ئاستی بازاڕی جیھان بەڕێژەی ١٢% گەنم و ١٦% گەنمەشامی و ٨% پاقلەمەنییەکانی وەک نۆک و نیسک و فاسۆلیا و  ٦% ڕۆنی زەیتی ڕووەکی و ئاژەڵی و٦% پەتاتە و٣٠%  گوڵەبەڕۆژە بەرھەمدەھێنێت.

بە پێی ئەوەی ساڵانە ھەرێمی کوردستان و عێراق رێژەیەکی زۆر ڕۆنی زەیت و نۆک و نیسک و فاسۆلیا و گوێز و چەند بەرھەمێکی تر لە روسیا و ئۆکراین ھاوردە دەکەن، نرخەکانیان لە بازاڕ بەرز دەبێتەوە. ھاوکات نرخی بەنزین و نەوت و سوتەمەنییەکانی تر لە جیھان بەرزبووەتەوە، ئەو بەرزبونەوەی نرخەش کاریگەری لەسەر ھەرێمی کوردستان دەبێت.