پوتن لە وتاری دەستپێکردنی ھێرشەکە رایگەیاند، ئامانجیان لەو ھێرشە پاراستنی خەڵکی کۆماری "دۆنباس"ە چونکە ھەشت ساڵە دانیشتووانی لۆھانسک و دۆنێتسکی سەر بەو کۆمارە لەلایەن رژێمی کییڤەوە روبەڕووی جینۆساید بوونەتەوە.


بەپێی زانیاری سەرچاوەکانیش، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ھێرشی روسیا بۆ سەر ئۆکراین دەستیپێکردووە و پاسەوانی سنوریش دەڵێت،  ھێرشەکان بۆ سەر ئەو وڵاتە لەناو روسیا و بێلاڕوسەوە بووە و دەنگی چەندین تەقینەوە لە "کییڤ"ی پایتەخت و شاری "خارکییڤ" و "کراماتورسک" و "ئۆدێسا" و "ماریبۆل" بیستراوە و دەنگی ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنیش لە شەقامەکان بەرزبوونەتەوە. 


ئاژانسی ھەواڵی "ئینتەرفاکس"یش رایگەیاند، ھێرشی مووشەکی بۆ سەر دامەزراوە سەربازییەکان لە ناوچەکانی ئۆکراین روویداوە و ئاگریش لە کۆگایەکی چەک و تەقەمەنی لە "کییڤ" کەوتۆتەوە.  ھاوکات سوپای روسیا وتویەتی، ھێرش ناکەنە سەر شارەکانی ئۆکراین و تەنھا بنکە سەربازییەکان دەکەنە ئامانج.


سەرچاوە سەربازییەکانی ئۆکراینیش رایانگەیاندووە، چەند فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی روسی لە لۆھانسک خراوەتە خوارەوە.