حەمید رەزا دەھقانی، باڵیۆزی ئێران لە قەتەر رایگەیاند، رۆژی دووشەممە ئیبراھیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران، سەردانی دەوحەی پایەختەی قەتەر دەکات و بەشداری لە خولی شەشەمی کۆڕبەندی گازی سروشتیی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست دەکات.

باڵیۆزی ئێران راشیگەیاند، ئیبراھیم رەئیسی لە میانی سەردانەکەی بۆ قەتەر لەگەڵ شێخ تەمیم بن حەمەد ئەلسانی میری ئەو وڵاتە کۆدەبێتەوە و تاوتوێی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی تاران و دەوحە و دواین پێشھاتەکانی ناوچەکە و دۆسێیەی بەرھەمھێنانی گازی سروشتی و ناردنی بۆ وڵاتانی ئەوروپا دەکەن.

کۆڕبەندی گازی سروشتیی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست، لە کانوونی یەکەمی ٢٠١٩وە دەستیپێکردووە و ئامانج لێی دروستکردنی بازاڕێکی ھەرێمیی گازی سروشتییە لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست و ئەو وڵاتانەی بەشداری دەکەن، خاوەنی ٧٩%ی یەدەگی گازی سروشتیین لە جیھاندا.