لە ڕاپۆرتێکدا ڕێکخراوی مافی مرۆڤی سوریا بڵاویکردەوە، ئەو پێشنوێژ و وتاربێژە لە ساڵی ٢٠١٩ەوە لە لایەن ئەو گروپەوە دەستگیر کراوە و بە تۆمەتی پێدانی زانیاری بە ھێزەکانی حکومەتی سوریا ئەمڕۆ لە سێدارەیان داوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە دەستەی تەحریری شام کە یەکێکە لە گروپە توندڕەوەکانی ناوچەکە، لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی چەندین پێشێلکاری وەک لە سێدارەدان و دەستگیر کردن و بێسەروشوێنکردنی ئەنجامداوە.

ھەر لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، دەستەی تەحریری شام چەندین پێشێکاری لە بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی مەدەنی لە پارێزگای ئیدلب ئەنجام داوە.

داواشی کردووە سنورێک بۆ ئەو پێشێلکاریانە دابنرێت کە سەرجەم ھێز و گروپە چەکداەکان لە ناو خاکی سوریادا، لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژی و مەزھەبی و نەتەوەیی، ئەنجامی دەدەن.

گروپی تەحریری شام یەکێکە لە گروپە سەلەفیە جیھادییەکانی ناوخۆیی سوریا و بەشدارە لە جەنگی ناوخۆیی ئەو وڵاتەدا، گروپەکە لە ساڵی ٢٠١٧ لە یەکگرتنی ھەردووگروپی بەرەی فەتحی شام (بەرەی نوسڕەی پێشوو) و بەرەی ئەنساری دین و جەیشی سونە و لیوای حەق و بزوتنەوەی نورەدین زەنگی پێکھاتووە.