ئۆجەلان لە ساڵی ١٩٤٩ لە گوندی ئامەرای سەر بە پارێزگای ڕەحای باکوری کوردستان لەدایکبووە و دواناوەندی لە ئەنقەرە و بەشی یاسای زانکۆی لە ئیستەنبوڵ و خوێندنی زانستە سیاسییەکانی لە زانکۆی ئەنقەرە خوێندووە و لە ساڵی ١٩٧٢ بەھۆی بەشداری لە ناڕەزاییەکی کوشتنی کەسایەتییەکی شۆرشگێر بۆ ماوەی ٧ مانگ دەستگیرکراوە و لە ساڵی ١٩٧٣ بە سەرۆکی یەکێتی دیموکراتی ئەنقەرە بۆ خوێندنی باڵا ھەڵبژێردراوە.

ئۆجەلان لە ساڵی ١٩٧٨ پارتی کرێکارانی کوردستانی لە پێناو بەدیھێنانی مافەکانی گەلی کورد لە تورکیا دامەزراند و لە ساڵی ١٩٧٩ چووەتە سوریا و تا ساڵی ١٩٩٨ لەو وڵاتە ماوەتەوە.

لە ساڵی ١٩٨٤ پەکەکە خەباتی چەکداری لە دژی دەوڵەتی تورکیا دەستپێکرد، بەڵام لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ لە وڵاتی کینیا لە لایەن میتی تورکیاوە دەستگیرکرا و لە ساڵی ٢٠٠٢ دادگایی کرا و سزای زیندانی ھەتاھەتایی بەسەردا سەپێنرا.