چەند سەرچاوەیەک لە سوریا ئاشکرایانکرد، منداڵێکی سوری بەناوی فەواز قەتیفان دوای سێ مانگ  لە رفاندنی لە بەرامبەر وەرگرتنی پارە لەلایەن رفێنەرانەوە ئازادکرا و لەبەردەم دەرمانخانەیەک لە شارۆچکەی نوی لە خۆرئاوای پارێزگای دەرعا بەجێھێڵڕا.


ھەفتەیەک لەمەوبەر رفێنەران گرتەیەکی ڤیدیۆی منداڵەکەیان بڵاوکردەوە، ئەوەش وایکرد دۆسیەی رفاندنی ئەو منداڵە لەسەر ئاستی سوریا و  جیھان دەنگدانەوەی گەورەی لێبکەوێتەوە، لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا ئەشکەنجەی منداڵەکە دەدرێت بۆ ناچارکردنی کەسوکارەکەی بە دانی فیدییە لەبەرامبەر وەرگرتنەوەی منداڵەکە.


رفێنەران بۆ رزگارکردنی منداڵەکە داوای ٧٠٠ ملیۆن لیرەی سورییان دەکرد، دوای  دانوستانێکی زۆر رفێنەران لەبەرامبەر ٥٠٠ ملیۆن لیرە کە دەکاتە ١٤٠ ھەزار دۆلار ئازادیان کرد.


بە گوێرەی سەرچاوەکان، کەسوکاری فەواز قەتیفان بۆ کۆکردنەوەی پارەکە تەواوی موڵک و ماڵەکەیان فرۆشتووە.


فەواز لە بەرەبەیانی رۆژی ٣ی کانونی یەکەمی ساڵی رابردوو لەکاتی چوونی بۆ خوێندنگە لەلایەن چوار کەسەوە کە ژنێکیان تێدا بووە بە ماتۆڕ سکیل رفێنرا بە مەبەستی وەرگرتنی پارە لە کەسوکارەکەی.