عەلی شەمخانی لە تویتێکدا وەک ئاماژەیەک بە پێداگری لە داخوازییەکانیان لە دانوستانەکانی ڤیەننا و یادکردنەوەی ساڵیادی شۆڕشی ئیسلامی ئێران ڕایگەیاندووە، ئەو بژاردانەی ھەرگیز لەسەر مێز ھەڵناگیرێن، بریتین لە بەشداری بەرفراوانی گەلی ئێران لە ڕێوڕەسمی پشتیوانی لە سیستمی کۆماری ئیسلامی و پاراستن و بەھێزکردنی توانای بەرگری و بەرنامەی ئاشتییانەی ئەتۆمی و ئەو سیاسەتانەی کە ئێران لە ناوچەکە پەیڕەویان دەکات.

ئەم لێدوانەی شەمخانی لە کاتێکدایە، خولی ھەشتەمی دانوستانەکانی ڤیەننا بۆ کاراکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی بەردەوامە و لێپرسراوانی ئەمریکاش بەردەوام ھەڕەشەی ئەوە دەکەن ئەگەر بەمنزیکانە نەگەنە ڕێککەوتن، بژاردەی تر دژ بە ئێران دەگرنەبەر.