لەگەڵ ئەوەی ساڵێک و چوار مانگی ماوە بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری تورکیا، بەڵام قوڵبوونەوەی قەیرانە ئابووری و داراییەکان و ناکۆکی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن وای کردووە ھەڵبژاردنی پێشوەختە ببێت بە ئەگەرێکی بەھێز، لە ئێستاشدا ئۆپۆزسیۆن داوای ھەڵبژاردنی پێشوەخت دەکات و دەسەڵاتدارانی تورکیاش رەتیدەکەنەوە.


ماوەی چەند مانگێکە حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا داوا دەکەن بۆ رزگارکردنی وڵاتەکەیان لەو قەیرانانەی تێیکەوتووە ھەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت کە بڕیارە لە مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٣ ئەنجام بدرێت، بۆ ئەم مەبەستەش جەھەپە کە گەورەترین حزبی ئۆپۆزسیۆنە، چەند ھەفتەیەکە ھەوڵدەدات کاندیدێک بۆ رکابەریکردنی رەجەب تەیب ئەردۆغان یەکلا بکاتەوە، لەگەڵ ئەوەی یەکێک لە ئەگەرەکان کاندیدکردنی ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی شارەوانی ئیستانبوڵ بوو، بەڵام لێدوانێکی کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەھەپە کە وتی، "با ھەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجام بدرێت و ئەردۆغان ببێتە رکابەرم" تا ئاستێکی زۆر کۆتایی بە مشتومڕەکان ھێنا. 


مەرال ئاکشەنەر، سەرۆکی ئیی پارتیش کە دووەم گەورە پارتی ئۆپۆزسیۆنە پشتیوانی خۆی بۆ کڵچدارئۆغڵو دەربڕیوە و بەپێی زانیارییەکانیش ئاکشەنەر بەنیازە بە پشتیوانیکردنی کڵچدارئۆغڵو پۆستی سەرۆک وەزیرانی داھاتوو بۆ خۆی دەستەبەر بکات، چونکە ئۆپۆزسیۆن دەڵێن ئەگەر بگەنە دەسەڵات سیستمی وڵات لە سەرۆکایەتییەوە دەکەنەوە بە پەرلەمانیی.


جگە لە مشتومڕی ھەڵبژاردنی پێشوەختە، خۆکاندیکردنەوەی ئەردۆغانیش بووە بە خاڵی ناکۆکی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، حزبەکانی ئۆپۆزسیۆن دەڵێن، ئەردۆغان لە ٢٠١٤ و ٢٠١٨ دوو جار بووە بە سەرۆک کۆمار و مافی ئەوەی نییە جارێکی تر خۆی کاندید بکاتەوە، ئاکپارتی و مەھەپەی ھاوپەیمانیشی دەڵێن ئەردۆغان لە ٢٠١٤ لە سیستمی پەرلەمانی بووە بە سەرۆک کۆمار و لە ٢٠١٨ سیستم بوو بە سەرۆکایەتی، واتە ئەردۆغان یەک جار لەم سیستمەدا بووە بە سەرۆک کۆمار، بۆیە لە ٢٠٢٣ دەتوانێت بۆ دووەم جار ببێتە سەرۆک کۆمار. 


دوای قوڵبوونەوەی مشتومڕەکان، دەزگای باڵای ھەڵبژاردنی تورکیا رایگەیاند، ھەرکەس تەنھا دوو جار دەتوانێت ببێت بە سەرۆک کۆمار، بەڵام ئەگەر پەرلەمان بڕیار لە ھەڵبژاردنی پێشوەختە بدات، ئەوا سەرۆک کۆمار دەتوانێت بۆ سێیەم جار خۆی کاندید بکات.