"ئانالینا بیربۆک" وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانی ھاوبەش لەگەڵ "یائیر لاپید" ھاوتا ئیسڕائیلییەکەی لە تەلئەبیب، ڕایگەیاند، چەند مانگ پێش ئێستا گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە کاراکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران، ئاسایش و ئارامی بۆ ناوچەکە دەگەڕێنێتەوە، ئەگەرنا بەشداری دانوستانەکانیان نەدەکرد.

ئاماژەی بەوەشکرد، دانوستانەکانی ڤییەننا لە قۆناغی کۆتایی نزیک بووەتەوە و ھەموو ھەوڵێکیش دەدەن بۆ ئەوەی لە ڕێی گەیشتن بە ڕێککەوتن، گەرەنتی پاراستنی ئاسایش ئیسڕائیل دەستەبەر بکەن.

یائیر لاپید وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیلیش داوایکرد، کاتێکی دیاریکراو بۆ کۆتاییھێنان بە دانوستانەکان دابنرێت، چونکە درێژەپێدانی دانوستانەکان لە بەرژەوەندی ئێراندایە.