مەولود چاوش ئۆغڵو وەزیری دەرەوەی تورکیا لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاند، مانگی ئاداری داھاتوو ئیسحاق ھێرزۆگ سەرۆکی ئیسڕائیل سەردانی ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا دەکات.

وتیشی، چاوەڕوان دەکرێت لە سەردانەکەی سەرۆکی ئیسڕائیلدا بۆ تورکیا، نوێنەرایەتی تایبەتی ھەردوو وڵات دیاری بکرێن و بە ھەنگاوی دوو لایەنە پەیوەندییەکانی ئەنقەرە و تەلئەبیب ئاسایی بکەنەوە.

ڕاشیگەیاند، ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسڕائیل لەسەر حسابی کێشەی فەڵەستین نابێت، بەڵکو ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا و ئیسڕائیل، ڕۆڵی ئەنقەرە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی فەڵەستین و ئیسڕائیل زیاتر دەکات.