لە ٢٠٢١دا زیاتر لە ٧٩ ھەزار کەس لوبنانیان بەجێھێشتووە
٩ی شوباتی ٢٠٢٢
٥٢٦
ناوەندی نێودەوڵەتی بۆ زانیارییەکان لە لوبنان، ئاماری کۆچی ھاووڵاتیانی لوبنانی بەرەو دەرەوەی وڵات بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بە پێی لێکۆڵینەوەکان لە ساڵی ٢٠٢١دا ٧٩ ھەزار ١٣٤ کەس بەرەو دەرەوەی لوبنان کۆچ یاخود گەشتیان کردووە.
ئامارەکە بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٠، ٣٤٦٪ زیادیکردووە، کە لەو ساڵەدا ١٧ ھەزار و ٧٢١ کەس لوبنانیان بەجێھێشتووە.
لە لێکۆڵینەوەکەدا ھاتووە، لە ساڵی ٢٠٢١دا گەورەترین ڕێژەی کۆچ و گەشتکردن لە لوبنان بەرەو دەرەوەی وڵات تۆمار کراوە، بەراورد بە چوار ساڵی ڕابردوو.
لێکۆڵینەوەکە ھۆکارەکانی زیادبوونی دیاردەی کۆچکردنی بۆ قوڵبوونەوەی قەیرانی دارایی و گرانی و دابەزینی ئاستی خزمەتگوزارییەکان گەڕاندووەتەوە، کە پاڵنەربوون بۆ کۆچی ھەزاران لوبنانی بە مەبەستی گەڕان بە دوای دەرفەتی کار و ژیانێکی باشتر.