حکومەتی روسیا رایگەیاندووە، پڕۆژەیەکیان داناوە بۆ ناردنی ھێزی بێلاڕوس بۆ سوریا و سەرۆک وەزیران و وەزارەتەکانی بەرگری و دەرەوەی روسیای راسپاردووە دانوستان لەگەڵ بێلاڕوس بکەن بۆ ئیمزا کردنی رێککەوتنەکە. 

ئەو پڕۆژەیە لە ٣ی ئەم مانگەوە ئیشی لەسەر کراوە و لەسەر پێگەی ئەلکترۆنی حکومەتی روسیا بڵاوکراوەتەوە، باسیش لە ھەڵوێستی سوریا سەبارەت بە ناردنی ئەو ھێزانە نەکراوە، بەڵام ئاماژە بەوە دراوە "دیمەشق" داوای کردووە ھێزەکانی بێلاڕوس بۆ ئەرکی مرۆیی بێنە سوریا.

شارەزایانیش رایگەیاندووە، ئەو رێککەوتنەی روسیا و بێلاڕوس بۆ ناردنی ھێز بۆ وڵاتی سێیەم یاسایی نییە، چونکە لە رێککەوتنەکەی ساڵی ٢٠١٥ ھیچ دەسەڵاتێک نەدراوە بە "مۆسکۆ" بۆ ناردنی ھێزی بیانی بۆ سوریا.