میدیاکانی یۆنان بڵاویانکردەوە لە کەناراوەکانی دوورگەی کریت تەرمی کۆچبەرێک دۆزراوەتەوە کە چەند ئەندامێکی جەستەی نەماوە و لێکۆڵینەوەکان بۆ ناسینەوەی دەستی پێکردووە.

ھەروەھا ڕەنج پشدەری ڕۆژنامەنوس لە یۆنان بە کوردسات نیوزی ڕایگەیاند، ڕۆژانە لە دوورگەکانی یۆنان تەرمی کۆچبەران دەدۆزرێنەوە و پێدەچێت ئەو تەرمەشی دۆزراوەتەوە تەرمی ئەو کۆچبەرانە بێت کە مانگی تشرینی دووەمی ڕابردوو بەلەمەکەیان بە ٧٠ کۆچبەرەوە ژێر ئاو کەوت.

بڕیاریشە لە کۆتایی ئەم ھەفتەیە ڕێوار ڕێبوار تاکە ڕزگاربووی خێزانێکی پێنج کەسی، کە دەریای ئیجە یەختەکەیان ژێر ئاو کەوت  بگەڕێنرێتەوە بۆ ھەرێمی کوردستان.

مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو، یەختێک بە نزیکەی ١٠٠ کۆچبەرەوە لە کەناراوەکانی یۆنان ژێرئاوکەوت، زۆرینەی کۆچبەرە خنکاوەکان کورد بوون، خێزانێکی کوردی دانیشتووی شاری کۆیە، کە لە سێ منداڵ و دایک و باوکێک پێکھاتبوون لەناو ئەو کۆچبەرانەدا بوون، بەڵام لە ڕووداوەکەدا چوار کەسیان خنکان و تەنھا ڕێوار ڕزگاری بوو.