میدیاکانی ئەمریکا لە زاری لێپرسراوێکی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەیان بڵاویانکردەوە، لە کاتێکدا دانوستانەکان بۆ کاراکردنەوەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی لە ڤییەننا لە قۆناغی کۆتایی نزیکبووەتەوە، ئیدارەی جۆو بایدن مۆڵەتی بەخشینی بەشێک لە گەمارۆکانی تایبەت بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێرانی درێژکردووەتەوە.

مۆڵەتەکە پەیوەندی بە بەرھەمھێنانی ئاوی قورسی وێستگەی ئەتۆمی ئەراک و دابینکردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو بۆ ناوەندی توێژینەوەکانی تارانەوە ھەیە، کە ساڵی ٢٠١٨ بە بڕیاری دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا گەمارۆیان خرایەسەر.

نێد پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە تویتێکدا بڵاویکردەوە، ئەو بڕیارە بە واتای ھەڵگرتنی گەمارۆکانی سەر ئێران نییە و گەمارۆکانیش لانابەن تا ئەو کاتەی ئێران دەگەڕێتەوە ڕێککەوتنی ئەتۆمی.
ڕاشیگەیاندووە، لەو ڕێیەوە ڕێگە بە ھاوبەشەکانیان دەدەن لێکدانەوە بۆ مەترسییەکانی پەرەسەندنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران بکەن.