ماڵپەڕی (پاوەر ئاوتج)ی ئەلیکترۆنی بواری کارەبا بڵاویکردەوە، بەھۆی ئەو زریانەی چەندین ویلایەتی ئەمریکای گرتووەتەوە، زیاتر لە ٣٧٠ ھەزار ھاوبەش لە ویلایەتەکانی تێکساس و ئارکنسۆ و تێنسی کارەبایان نەماوە.

باسی لەوەشکردووە، باوبۆرانەکە ئەوەندە بەھێز بووە، ژمارەیەکی زۆر ستونی کارەبا و درەختی خستووە و زیانێکی گەورەی بە تۆڕەکانی گواستنەوەی کارەبا گەیاندووە. دەشڵێت، چاوەڕوان دەکرێت تا چەند ڕۆژێکی دیکە بەشێکی زۆری ئەو شوێنانە بێ کارەبا بمێننەوە.

لە لایەکی دیکەوە ماڵپەری "فلای ئێر"ی ئەلیکترۆنی بڵاویکردەوە، بەھۆی سەختی کەشوھەواوە لە ئەمریکا، تا ئێستا نزیکەی سێ ھەزار گەشتی ئاسمانی ھەڵوەشاوەتەوە و دوێنێش زیاتر لە پێنج ھەزار گەشتی دیکە ھەڵوەشێنراونەتەوە.