"جۆن کیربی" ڕایگەیاندووە، لە ئێستادا زۆر بە وردی چاودێری ھەڕەشە و مەترسییەکانی تیرۆریستانی داعش دەکەن، بە تایبەت دوای لەناوبردنی "ئەبو ئیبراھیم ھاشمی قوڕەیشی" سەرکردەی ئەو گروپە تیرۆریستییە.

وتیشی ھیچ زانیارییەکیان نییە سەبارەت بەوەی داعش پیلانی ھەبێت بۆ تۆڵەسەندنەوەی کوشتنی سەرکردەکەیان لە ئایندەیەکی نزیکدا. "کیربی" ئاماژەی بەوەشدا کە داعش ھێشتا مەترسییە لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی و ھاووڵاتیانی بێتاوان.

لەلایەکی ترەوە، حکومەتی ژاپۆن ڕایگەیاندووە، کوژرانی سەرکردەی داعش لە ڕێی بۆردوومانێکی ئەمریکاوە لە سوریا، ئەرکێکی گەورەیە لە پێناو بەدیھێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست.