سەعید خەتیبزادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەربارەی سەردانەکەی ئیسحاق ھرتسوغ سەرۆکی ئیسرائیل بۆ ئیمارات ڕایگەیاند، ئەو وڵاتانەی ھاوکاریی ئیسرائیل دەکەن بۆ دروستکردنی قەیران و بەردەوامبوونی توندوتیژی و تیرۆر، پێویستە لەوە بگەن خۆیان یەکەم قوربانی ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکان دەبن.

داواشی لەو وڵاتانە کرد، کە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی کردووەتەوە، پاشگەز ببنەوە لەو ھەنگاوەیان، چونکە قەیران و توندوتیژی زیاتری بە دواوە دەبێت.
ئەو ھەڵویستەی ئێران لە کاتێکدایە، دوێنێ سەرۆکی ئیسرائیل سەردانی ئیماراتی کرد و ڕایگەیاند، ڕێککەوتنەکانی ئیبراھیمی، بڕیارێک بوو بۆ دروستکردنی داھاتوویەکی نوێ بۆ ئیمارات و ئیسرائیل و ناوچەکە بە گشتی.

ھاوکات سەرۆکی ئیسرائیل ئیدانەی ئەو ھێرشانەشی کرد کە لە لایەن گروپە توندڕەوەکانەوە دەکرێتە سەر سەروەیی ئیمارات.