لیندا تۆماس گرینفیڵد نوێنەری ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتوەکان ئاماژەی بۆ ئەوە کردوە، لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا کە تایبەت بە ھەڕەشەکانی روسیا بۆ سەر ئۆکراین بەڕێوەدەچێت، ئەمریکا و تەواوی وڵاتانی تری ئەندام لە ئەنجومەنەکە یەک دەنگن و پێوەکەوە داوا لە روسیا دەکەن ھەڵوێستەکانی رون بکاتەوە، فشاری توندیش دەخرێتە سەر مۆسکۆ بۆئەوەی کۆتایی بە ھەڕەشەکانی بھێنێت لەسەر ئۆکراین.


ئەوە لەکاتێکدایە نیکۆلای باترۆشیف سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایشی روسیا ھۆشدارییەکانی وڵاتانی خۆرئاوای لەبارەی ھەوڵی داگیرکردنی ئۆکراین لەلایەن روسیاوە رەتکردۆتەوە و دوپاتیکردۆتەوە مۆسکۆ بە نیازی ھەنگاوێکی لەو شێوەیە نییە و نایەوێت ھیچ جەنگێک ھەڵبگیرسێنێت.


"رۆبەرت مینیندیز" ئەندامی لیژنەی کاروباری نێودەوڵەتی لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکاش رایگەیاندوە، بەھۆی ئەو ھەڕەشانەی لەسەر ئۆکراین دروستیکردوە، سەپاندنی سزای پێشوەختە بەسەر روسیا بە دور نازانن.