دوای بانگەوازی شورای ھەماھەنگی یەکێتی مامۆستایانی ئێران، مامۆستایانی بەشێکی زۆر لە شارەکانی خۆرھەڵاتی کوردستان و ئێران نەچوونە ھۆڵەکانی خوێندن و خوێندنی ئۆنلاینیشیان راگرت، وەک ناڕەزاییەک بەرامبەر کەمی موچەکانیان و جێبەجێ نەبونی ئەو داواکارییانەی لە چەند مانگی رابردوودا داوایان کردووە.


محەمەد حەبیبی وتەبێژی یەکێتی مامۆستایانی ئێران رایگەیاند، لانیکەم لە ٢٠٠ شار و قەزا و ناحیەی ئێران مانگرتن بەڕێوەچووە و بڕیاریشە لە رۆژانی داھاتوودا بەردەوام بێت.


دوای چەندین جار لە گردبوونەوەی مامۆستایان لە ساڵی ٢٠٢١، کانونی یەکەمی رابردوو پەرلەمانی ئێران پڕۆژەیاسای پلەبەندی مامۆستایانی پەسەند کرد، بەڵام مامۆستایان پێیانوایە پڕۆژەیاساکە کەموکوڕی تێدایە، چونکە بەپێی یەکێک لە بەندەکانی، جێبەجێکردنی پرۆژەیاساکە بەندە بە دابینکردنی بودجە لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە.