ئەرسەلان شوکری بەڕێوەبەری گواستنەوە و ڕێگەوبانی ورمێ ڕایگەیاند، بەھۆی بەفربارین و کڕێوەی دوو ڕۆژی ڕابردوو، ڕێگەی ٩٠ گوندی شارەکانی سەردەشت و پیرانشار و بۆکان داخراون. وتیشی، ھەوڵ دەدەن لە چەند ڕۆژی داھاتوودا ڕێگەی سەرجەم ئەو گوندانە پاک بکەنەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، جگە لە ڕێگەکانی نێوان تکاب–ئێرانخا و مھاباد–بۆکان کە بەھۆی بارینی بەفرێکی زۆرە داخراون، ڕێگەی نێوان سەرجەم شارەکانی سەر بە پارێزگای ورمێ کراونەتەوە و ھاتوچۆ تیایاندا ئاساییە.

ھەر بەھۆی بەفربارین و سەرما، ئەمڕۆ لە خوێندنگەکانی سەردەشت و چاڵداران لە پارێزگای ورمێ و خوێندنگەکانی مەریوان و سەقز و سەروئاوا لە پارێزگای سنە پشوو ڕاگەیەندراوە.