ئێران وەڵامی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا دەداتەوە
کوردسات نیوز
٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢
٣٦٩
وەک کاردانەوەیەک بۆ قسەکانی لیز تراس وەزیری دەرەوەی بەریتانیا کە رایگەیاندبوو، دانوستانەکانی ڤیەننا لە بنبەستێکی مەترسیدار نزیک بووەتەوە و ئێرانیش بەرپرسیاری سەرەکی ئەو شکستەیە، سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئەو جۆرە لێدوانانە پووچ و بێ بنەمان و ھەوڵێکە بۆ تۆمەتبارکردنی تاران کە چەندین ساڵە بەریتانیا و وڵاتانی خۆرئاوا بۆ سەرپۆش خستنەسەر پێشێلکارییەکانیان کەڵکی لێ وەردەگرن.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەکارھێنانی ئەو دەستەواژە و ھەڕەشانە، بەرپرسیارێتی بەریتانیا و ھاوپەیانەکانی لە پێشێلکردنی رێککەوتنی ئەتۆمی کەم ناکاتەوە و ھیچ جۆرە کەلێنێکیش لە ئیرادەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ گەیشتن بە رێکەوتنێک کە بەرژوەندی گەلەکەی دەستەبەر بکات، دروست ناکات.