ناوەندی ڕاگەیاندنی ھێزەکانی سوریای دیموکرات  "ھەسەدە" بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ٢٥٠ تیرۆریستی داعش خۆیان ڕادەستی ھێزەکانیان کردووە، بەوەش تاکو ئێستا ژمارەی ئەو تیرۆریستانەی داعش کە خۆیان ڕادەست کردووە، گەیشتووەتە ٥٥٠ تیرۆریست.

ھەر ئەمڕۆ شەڕڤانانی ھەسەدە لە ھەڵمەتێکدا ٩ بارمتەیان لە گرتووخانەی سناعە ڕزگار کرد، کە فەرمانبەری گرتووخانەکە بوون و لە لایەن داعشەوە دەستگیرکرا بوون، لە گەڕەکی "زھور"یش، ھەڵمەتی پاککردنەوە دژی ئەو داعشانە ئەنجامدرا کە لە ماڵەکاندا خۆیان حەشارداوە، لە ئەنجامدا ٥ تیرۆریستی داعش کە پشتێنی بۆمبڕێژکراویان پێوە بوو کوژراون، لە گەڕەکی "غوێران"ی خۆرھەڵات، ٩ تیرۆریست و لە باشوری "حەسەکە"ش ٣ بەکرێگرتە کە پیلانیان ھەبووە بۆ ھاوکاری تیرۆریستانی ناو گرتووخانەی "سناعە" کوژراون.

ھەسەدە ڕاشیگەیاند، ھەڵمەتە ئەمنی و سەربازییەکانیان زۆر بە وردی لە گرتووخانەی "سناعە" و دەوروبەری و لە ڕیفی دێرەزوور و ڕەققە بەردەوامن.