پێکدادانەکانی نێوان ھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکور و خۆرھەڵاتی سوریا و ھێزەکانی سوریای دیموکرات، لەگەڵ شانە نووستووەکانی داعش لە گرتووخانەی غوێران لە حەسەکە، بەردەوامن و پێ دەنێنە ڕۆژی شەشەمەوە، بە پێی زانیارییەکان پێکدادانەکان چڕ بوونەتەوە و ھەسەدە لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی گرتووخانەکە نزیک بووەتەوە، بە تایبەت کە شەوی ڕابردوو شەڕڤانانی ھەسەدە چوونە ناو گرتووخانەی غوێران و دەستیان بەسەر یەکێک لە بیناکاندا گرت، لە ھەمان کاتدا نزیکەی ٣٠٠ تیرۆریستی داعش خۆیان ڕادەستی ھەسەدە کرد.

ھەر بە پێی زانیارییەکان، تیرۆریستانی داعش لە ناو گرتووخانەی غوێران ٧٠٠ منداڵی خۆیان، وەک قەڵغان بۆ ڕێگری لە ئۆپەراسیۆنی شەڕڤانانی ھەسەدە بەکاردەھێنن، کە تا ئێستا لانیکەم ١٨٠ تیرۆریستی داعش بەھۆی ئۆپەراسیۆنەکەوە کوژراون.

لە لایەکی ترەوە ئەنجومەنی گشتیی خۆبەڕێوەبەریی باکور و خۆرھەڵاتی سوریا، لە پەیامێکدا داوای لە ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کرد، توندڕەوەکانی داعش بۆ وڵاتەکانی خۆیان بگەڕێننەوە.

دەشڵێت، ئامانجی پەلامارەکانی داعش داگیرکردنی شاری حەسەکە و کردنەوەی ڕێڕەوێکە بۆ تیرۆریستان لە تل تەمرەوە بۆ کەمپی ھۆل.