نەتەوە یەکگرتووەکان ئیدانەی ھێرشەکانی ھاوپەیمانی عەرەبی لە یەمەن دەکات
کوردسات نیوز
٢٢ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢
٨١٠
ستێفان دوجاریک وتەبێژی سکرتێری گشتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، لە ھێرشەکەی ڕۆژی ھەینی ھاوپەیمانی عەرەبی بۆ سەر خۆرئاوای یەمەن ژمارەیەک خەڵکی بێتاوان و لەناویشیاندا منداڵ کوژراون.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەنتۆنیۆ گۆتیرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لێکۆڵینەوەی خێرا و شەفاف لەو ھێرشانە دەکات.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، پەرەسەندنی شەڕ و پێکدادانەکان لە یەمەن قەیرانی مرۆیی و نەھامەتی خەڵکی ئەو وڵاتە زیاتر دەکات و پێویستە بە زووترین کات کۆتایی پێبێت.
ڕۆژی ھەینی ھاوپەیمانی عەرەبی بە سەرۆکایەتی سعودیە زنجیرەیەک ھێرشی بۆ سەر بەندەری حەدیدە و زیندانێکی حوسییەکان لە پارێزگای سەعدە ئەنجامدا و بەھۆیەوە زیاتر لە ٧٠ کەس کوژران و دەیانی دیکەش برینداربوون.