شەوی ڕابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانیی عەرەبی بە سەرۆکایەتیی سعودیە، ژمارەیەک پێگە و بنکەی سەربازیی حوسییەکانی لە نزیک سەنعای پایتەختی یەمەن بۆردومان کرد، ھاوپەیمانیەکە لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، بۆردومانەکان وەڵامی ھەڕەشە و پەلاماری حوسییەکان بووە و توانیوویانە دوو سەکۆی ھەڵدانی مووشەکە بالیستییەکانی حوسییەکان لەناو ببەن.


ھاوکات عەبدوڵا بن زاید وەزیری دەرەوەی ئیماڕات، لە میانی پەیوەندییەکی تەلەفونی لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، داوای کرد جارێکی تر حوسییەکان لە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکاندا پۆلێن بکرێن.


ڕۆژی دووشەممە حوسیەکانی یەمەن بە ھەشت فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان، چەند ناوچەیەکی نزیک ئەبو زەبییان بۆردومان کرد، بەھۆیەوە ئاگر لە سێ تانکەری گواستنەوەی بەرھەمە نەوتییەکانی کۆمپانیای نەوتی ئیماڕات و ناوچەیەکی خانووبەرەی نزیک فڕۆکەخانەی ئەبو زەبی کەوتەوە، و لە ئەنجامدا سێ کەس گیانیان لە دەستدا، و شەش کەسی تریش بریندار بوون.