قاسم جومارت توکایف سەرۆکی کازاخستان رایگەیاند، ھێزە ئەمنییەکان توانیویانە کۆنترۆڵی رەوشی ئەمنیی زۆربەی ناوچەکانی وڵاتەکەیان بکەنەوە. وەزارەتی ناوخۆش رایگەیاند، بەھۆی خۆپیشاندان و پێکدادنەکانی چەند رۆژی رابردوو ٢٦ چەکدار و ١٨ کارمەندی ئەمنی کوژراون و زیاتر لە سێ ھەزار کەسیش دەستگیرکراون.
ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی روسیاش کە ھاوپەیمانی کازاخستانە رایگەیاند، ناڕەزاییەکانی کازاخستان لە کاتێکی کوشندە سەریانھەڵداوە، پێشتریش روسیا و ھاوپەیمانەکانی کازاخستان بڕیاریان دا بۆ کۆنترۆڵکردنی رەوشەکە ھێز رەوانەی ئەو وڵاتە بکەن.
خۆپیشاندانی ھاوڵاتیانی کازاخستان دوای بەرزکردنەوەی نرخی سوتەمەنی لەلایەن حکومەتەوە سەریھەڵدا و دواتریش سەرۆکی حکومەت دەستیلەکارکێشایەوە و سەرۆکی ئەو وڵاتەش کەسێکی تری بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێ راسپارد.