عەبدوڵا زەیدان پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان "ھەدەپە" کە لە ساڵی ٢٠١٦وە لەگەڵ سەڵاحەدین دەمیرتاش لە زیندانی ئەدیرنە زیندانیی بوو، ئازادکرا و گەڕایەوە ناو کەسوکارەکەی، زەیدان دوای ئازادکردنی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، چەند ساڵێکە بە ناڕەوا زیندانی کراون و داواشیکرد سەرجەم زیندانییەکانی دیکەش ئازاد بکرێن، وتیشی، شانازی بەوەوە دەکات چەند ساڵێکە لەگەڵ دەمیرتاش لە یەک زینداندایە و ئەزموونێکی زۆری لێوە فێربووە.
ساڵی ٢٠١٦ ھێزە ئەمنییەکانی تورکیا ئۆپراسیۆنێکیان بۆ دەستگیرکردنی ھاوسەرۆک و پەرلەمانتار و بەرپرسانی ھەدەپە دەستپێکرد و جگە لە سەڵاحەدین دەمیرتاش و زەیدان، دەیان لێپرسراوی دیکەی ھەدەپە زیندانیی کران، دادگای تورکیاش بە تۆمەتی پشتیوانیکردن لە پەکەکە سزای ھەشت ساڵ و یەک مانگ و ١٥ رۆژ زیندانیی بەسەر زەیداندا سەپاند، بەڵام لەسەر داوای پارێزەرەکانی پێداچوونەوە بە دۆسێکەیدا کرا و ئازاد کرا.