دوای ئەوەی عومەر گەرگەرلیئۆغڵو، پەرلەمانتاری پارتی دیموکراتی گەلان "ھەدەپە" بڕیاری دادگای تورکیای بۆ ئازادنەکردنی ئایسەل توغلوک بە ستەم ناوبرد و داوای کرد ئازاد بکرێت، بە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە دامەزراوەکانی دەوڵەتی تورکیا لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.


ئایسەل توغڵوک ھاوسەرۆکی پێشووی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکرات بووە و دوو خولیش پەرلەمانتاری شارەکانی ئامەد و وان بووە، بەھۆی ھەڵوێستەکانی لەلایەن دادگای تورکیاوە ١٠ ساڵ زیندانی کرا و تا ئێستا ٥ ساڵی لە زینداندا بەسەر بردووە.


بە پێی زانیارییەکانیش ماوەی دوو ساڵە ئایسەل تووشی لەبیرچوونەوە بووە، بەڵام دادگا ئامادە نییە ئازادی بکات.