ناوەندی ڕاگەیاندنی ھێزەکانی سوریای دیموکرات "ھەسەدە"، ئاماری لەشکرکێشی و ھێرش و بۆردوومانەکانی تورکیا و گرووپە چەکدارە ھاوپەیمانەکانی، بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و خۆرھەڵاتی سوریا، لە ساڵی ٢٠٢١دا بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ٤٧ ھێرشی زەمینی و ھەوڵی لەشکرکێشی و ٨٩ ھێرشی ئاسمانی بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ھەبوون، ٥٨ گوند و سێ شارۆچکە ڕووبەڕووی بۆردومانی ڕاستەوخۆی تورکیا بوونەتەوە و لە ئەنجامدا ٨٩ مەدەنی گیانیان لە دەستداوە و ١٣٤ کەسی تریش بریندار بوون، زیاتر لە ٧٠٠ مەدەنییش لە عەفرین و گرێ سپی و سەرێ کانێ ڕفێندراون.


ڕاشیگەیاند، ساڵی ڕابردوو لە میانی ڕووبەڕووبوونەوەی لەشکرکێشیەکانی تورکیا و پاشماوەکانی داعش، ١٤٨ ئەندام و سەرکردەی ھێزەکانی سوریای دیموکرات گیانیان لە دەستداوە.