ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، میلیشیاکانی سەر بە ئێران سێ موشەکیان ئاڕاستەی بنکەیەکی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دێرەزوور کردووە کە گەورەترین بنکەی سەربازیی ھێزەکانی ھاوپەیمانییە لە سەر خاکی سوریا.


بە پێی زانیارییەکانی ڕوانگەکە یەکێک لە موشەکەکان لە نزیک ھەلیکۆپتەرەکانی ھاوپەیمانی کەوتووەتە خوارەوە و دوو موشەکەکی تریش لە شوێنێکی بەتاڵ کەتوونەتە خوارەوە و موشەکبارانەکەش ھیچ زیانێکی گیانی لێنکەوتووەتەوە. ئاژانسی فرانس پرێسیش بڵاویکردەوە، ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی وەڵامی ھێرشەکانی داوەتەوە.


چەند سەعاتێک بەر لە موشەکبارانەکەش، ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، بنکەی "گرین ڤیڵج" کە ھێزەکانی ئەمریکای تێدایە، لە ناوچەی دێرەزوور لە باکوری خۆرھەڵاتی سوریا، بە مووشەک کراوەتە ئامانج، بەم جۆرەش لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ سەعات دوو جار ھێزەکانی ھاوپەیمانی لەلایەن گروپە چەکدارەکانەوە کراونەتە ئامانج.