ساڵی ڕابردوو ٢٨ ھەزار و ٣٩٥ کۆچبەر کەناڵی ئینگلیزیان تێپەڕاندووە
کوردسات نیوز
٤ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢
٦٤٣
ئاژانسی ھەواڵی بەریتانی لە زاری لێپرسراوانی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیاوە بڵاویکردەوە، لە ساڵی ٢٠٢١دا ٢٨ ھەزار و ٣٩٥ کۆچبەری نایاسایی لە فەڕەنساوە بەرەو بەریتانیا بە کەناڵی ئینگلیزدا کۆچیان کردووە و تەنھا لە مانگی تشرینی دوەمدا ٦ ھەزار و ٩٠٠ کۆچبەر بەو کەناڵەدا گەیشتوونەتە بەریتانیا و لەو ژمارەیە ھەزار و ١٨٥یان لە یەک ڕۆژدا گەیشتوون، ئەوەش ژمارەیەکی پێوانەیی گەیشتنی کۆچبەرانە بۆ بەریتانیا.
گەیشتنی کۆچبەران لە فەڕەنساوە بۆ بەریتانیا، گرژی خستووەتە پەیوەندییەکانی ھەردوو وڵات و بەریتانیا فەڕەنسا تۆمەتبار دەکات بەوەی ھەوڵی پێویست نادات بۆ ڕێگریکردن لە کۆچبەران سەرباری ئەو بودجەیەش کە بۆ ئەو مەبەستە دیاریکراوە.