وەک کاردانەوەیەک بۆ ڕاگەیندراوەکەی وەزارەتی دەرەوی بەریتانیا کە ڕایگەیاندبوو، تاقیکردنەوەی موشەکە بالیستییەکانی ئێران پێشێلکردنی پڕۆژە بڕیاری ٢٢٣١ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە، سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکان و بە پێی پێوێستییەکان بۆ بەرگریکردن لە خۆی کار دەکات و ئەو جۆرە تاقیکردنەوانە ھیچ پەیوەندییەکی بە پڕۆژە بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییەوە نییە.


ئاماژەی بەوەشکرد، کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ پەرەپێدانی بەرنامە و سیستمی بەرگری مۆڵەت لە ھیچ کەس و لایەنێک وەرناگرێت و ھیچ کاتێکیش لەسەر ئەو بابەتە گفتوگۆ و دانوستان ناکات.


سوپای پاسدارانی ئێران لە مانۆڕێکی سەربازیدا کە بە مەبەستی ئامادەکاریی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ھەڕەشەکانی ئیسڕائیل ئەنجامیدابوو، ١٦ موشەکی بالیستی تاقیکردەوە.