ئیسڕائیل: پشتیوانی لە ڕێککەوتنێکی ئەتۆمیی باش لەگەڵ ئێران دەکەین
کوردسات نیوز
٢٤ی کانونی یەکەمی ٢٠٢١
٦٦٠
لائیر لاپید وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ جەیک سۆلیڤان ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا لە ڕێی ڤیدیۆکۆنفڕانسەوە، ڕایگەیاند، وەک بژاردەی یەکەم ھیچ کێشەیەکیان لەگەڵ ڕێککەوتنێکی ئەتۆمیی باش لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا نییە و پشتیوانی لێدەکەن.
وتیشی، بژاردەی دووەم ڕێککنەکەوتنە و لەم کاتەشدا دەبێت گەمارۆکان چڕ بکرێنەوە و ڕێگە نەدرێت تاران پەرە بە چالاکییە ئەتۆمییەکانی بدات. ئاماژەی بەوەشکرد، سێیەم و خراپترین بژاردە، ڕێککەوتنێکی خراپە کە دەبێت ئەمریکا خۆی لێ بە دوور بگرێت.
چەند ڕۆژێک پێش ئێستا جەیک سۆلیڤان ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا سەردانی ئیسڕائیلی کرد و ڕایگەیاند، دەبێت ئەمریکا و ئیسڕائیل ستراتیژێکی ھاوبەشیان بۆ پاراستنی بەرژوەندییەکانیان ھەبێت.