ھەزاران جوتیار ھاوشانی نوێنەری چین و توێژە جیاوازەکان، لە نزیک رووباری "زایندەڕود" لە شاری ئەسفەھان گردبوونەوە و نیگەرانی خۆیان بەرامبەر رێکارەکانی حکومەت بۆ گرتنەوەی ئاوی رووبارەکە و دابەشکردنی بەسەر شار و ناوچەکانی تری ئێران دەربڕی.


سەرەتای کێشەکە بۆ ئەو کاتە دەگەڕێتەوە، کە حکومەتی ئیران بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی لەسەر ناوچەکانی تر، ئاوی رووباری "زایندەڕود"، پێش گەیشتنی بە ئەسفەھان بەسەر ناوچەکانی تردا دابەش کردوە، ئەوەش کاریگەری لەسەر زەویە کشتوکاڵیەکانی ئەسفەھان دروست کردووە و کاریگەریەکانیش لەگەڵ ھاتنی وشکەساڵی زیادیانکردووە.


ئەو جوتیارانە داواشیان لە حکومەت کرد، بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریەکانی وشکەساڵی لەسەر جوتیاران و زەویە کشتوکاڵیەکانیان، دەستوەردان بکات و ئاوی رووباری "زایندەڕود"، بۆ جوتیارانی ئەسفەھان بەربداتەوە، کە ئێستا ساڵانە تەنھا چەند رۆژێک ئاوی ئەو رووبارە بۆ جوتیارانی ئەسفەھان بەردەداتەوە.