سەرۆکانی چوار وڵاتی ئەمریکا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا لە ڕاگەیەنراوێکدا ھاوبەشدا نیگەرانیان لە بەردەوامی چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران و نەگەڕانەوەی بۆ سەر مێزی گفتوگۆ دەربڕی و ڕایانگەیاند، بەرەپێشچوونی خێرا لە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران ھیچ پاساوێک ھەڵناگرێت و کێشە بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی دروست دەکات.


ئاماژەیان بەوەشکردووە، لە پەراوێزی لوتکەی گروپی ٢٠ کۆبوونەتەوە و جەختیان لەوە کردووەتەوە کە نابێت ھەرگیز ئێران دەستی بە چەکی ئەتۆم بگات.


سەرکردەکانی ئەوروپا و ئەمریکا داواشیان لە ئیبراھیم ڕەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران کردووە، کەڵک لە ھەلی گەڕانەوەی ئەمریکا بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی وەربگرێت و بە نیەت پاکییەوە بڕیار لە گەڕانەوەی ئێران بۆ سەر مێزی گفتوگۆ بدات، بۆ ئەوەی دانوستانەکان بە زووترین کات بە ئەنجام بگات.