سەرۆکی حزبی سیادە داوایکرد ھیچ دانیشتنێکی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنەکە ئەنجام نەدرێت تا ئەوکاتەی لایەنە سوننەکان رێکدەکەون.


خەمیس خەنجەر سەرۆکی حزبی سیادە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، لەسەر بنەمای پەیوەندی و لێکتێگەیشتنی نێوان کوتلە سیاسیەکانی عەرەبی سوننی کە لە دوو رۆژی رابردودا ئەنجامدراوە حزبی سیادە ھەڵدەستێت بە بانگھێشتکردنی سەرجەم لایەنە سونیەکان لە بەغداد.


دەشڵێت، ئامانج لەو بانگھێشتە تاوتوێکردنی دۆخی سوننەکان و رێککەوتنە لەسەر دانانی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران.


داواش دەکات، کۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ دیاریکردنی سەرۆکێک ئەنجام نەدرێت تا ئەوکاتەی سەرجەم سوننەکان رێکدەکەون.