میدیاکان بڵاویانکردەوە، چەکدارێک ھێرشی کردووەتە سەر نوسینگەی پارتی دیموکراتی گەلان "ھەدەپە" لە ناوچەی "ئزمیر" و تەقەی لە کارمەندان کردووە و ھەوڵیداوە ئاگر لە نوسینگەکە بکاتەوە، بەھۆی ئەو ھێرشەشەوە ژنێک کە کارمەندی "ھەدەپە" بووە کوژراوە.


پارتی دیموکراتی گەلانیش لە ڕاگەیەندراوێکدا پەنجەی تۆمەتی ئاڕاستەی حکومەتی تورکیا و وەزیری ناوخۆ کردووە بۆ بە ئامانجکردنی پارتەکەیان و ھاندانی ئەو جۆرە ھێرشانە. 


بە پێی زانیارییەکانیش، ئەو کەسەی ئەو ھێرشەی ئەنجامداوە دەستگیرکراوە و کارمەندێکی پێشووی تەندروستی بووە لە سوریا لەناو گروپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا بووە. 


"ھەدەپە" دووەم گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنە لە تورکیا و ڕووبەڕووی فشارێکی گەورە بووەتەوە لەلایەن حکومەتی تورکیاوە و ھەوڵی داخستنی دەدرێت.