لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی وڵاتانی جی حەوت، لە دوورگەی کۆرنۆواڵ لە بەریتانیا، شاژنە ئێلیزابێس شاژنی ئەو وڵاتە، سەرکردەکانی حەوت وڵاتە پیشەسازییەکەی جیھانی بینی و وێنەی یادگارییان پێکەوە چرکاند، کە یەکێک لەو سەرکردانە جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا بوو، ئەوەش یەکەمین جارە جۆو بایدن وەک سەرۆکی ئەمریکا چاوی بە شاژنی بەریتانیا بکەوێت.

ھاوکات لە پێشوازی سەرکردەکانی جی حەوتدا، ژمارەیەک لە ئەندامانی خێزانی شاھانەی بەریتانیا ئامادەبوون، لەوانە شازادە چارلز شازادەی جێنشین و ھاوسەرەکەی، ئەوەش یەکەمین کۆبوونەوەی لەو جۆرەی ئەندامانی خێزانی شاھانەی بەریتانیایە، دوای کۆچی دوایی شازادە فیلیپ ھاوسەری شاژنی بەریتانیا، لە مانگی نیسانی ئەمساڵ.