میدیا رەسمییەکانی ئێران بڵاویانکردەوە، کەشتییەکی جەنگی لەگەڵ کەشتییەکی پشتیوانی ئێرانی بۆ ئەرکێکی دەگمەن لە دووری وڵات، بەرەو زەریای ئەتڵەسی بەڕێکەوتن، سوپای پاسادارانیش گەشتەکەی بە دورودرێژترین گەشتی ھێزی دەریایی وەسفکرد، بەبێ ئەوەی ئامانجەکەی ئاشکرا بکات.

ئاژانسی ھەواڵی ئەسۆشیەیتد پرێسیش ئاشکرایکردووە، شوێنی لەنگەرگرتنی کەشتییەکە کەناراوەکانی نزیک فەنزوێلا دەبێت، پەنتاگۆنیش رەوانەکردنی ئەو کەشتیانە بە ھەڕەشە بۆ سەر ھاوپەیمانەکانی ئەمریکا ناوبردووە و ئاشکرای کردووە ئەو کەشتییە چەکی گواستۆتەوە بۆ فەنزوێلا. 

ئەوەش لە کاتێکدایە کە رۆژی پێنچ شەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ھەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکانی لەسەر سێ بەرپرسی پێشوو و دوو کۆمپانیای ئێران راگەیاند، ئەوەش بەھۆی ئەنجامی گۆڕانکاری لە مامەڵە و رەفتاری ئەو لایەنانە.