"عومەر چەلیک" وتەبێژی ئاکەپە ڕایگەیاند، "ئەنقەرە" پەرۆشە بۆ کۆبوونەوەکەی نێوان "ڕەجەب تەیب ئەردۆغان" سەرۆکی تورکیا و "جۆو بایدن" سەرۆکی ئەمریکا. وتیشی، دەیانەوێت ھەموو کێشەکان لەگەڵ ئەو وڵاتە چارەسەر بکەن و ھیواشی خواست "ئەمریکا"ش لەو کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەدا بەو ئاڕاستەیە کار بکات. 


"چەلیک" ئاماژەی بەوەشکرد، ئەجێندای گەورە لە نێوان "ئەنقەرە و واشنتۆن" ھەیە و لەسەر چەندین پرسیش ھەماھەنگییان کردووە، بەڵام چەندین ئەجێندای ئاڵۆزیش لە نێوانیاندا ھەیە. 


بڕیارە "ئەردۆغان و بایدن" لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی سەرکردەکانی "ناتۆ" کە لە ناوەڕاستی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت، کۆببنەوە، ئەوەش یەکەمین کۆبوونەوەی ئەو دوو سەرۆکە دەبێت لەو کاتەوەی "بایدن" بووەتە سەرۆکی ئەمریکا.