یۆنان ئەو پەنابەرانە وەرناگرێت کە لە تورکیاوە دەچنە ئەو وڵاتە
کوردسات نیوز
٨ی حوزەیرانی ٢٠٢١
وەزارەتی دەرەوە و کۆچ و کۆچبەرانی یۆنان لە ڕاگەیەندراوێکی ھاوبەشدا بڵاویانکردەوە، "ئەسینا" بڕیاریداوە چیتر ئەو پەنابەرانە وەرنەگرێت کە لە ڕێی تورکیاوە ڕوو دەکەنە ئەو وڵاتە، ئەو بڕیارەش پەنابەرانی "سوریا و ئەفغانستان و پاکستان و بەنگلادش و سۆماڵ" دەگرێتەوە.
ڕاشیانگەیاند، "تورکیا" وڵاتێکی ئارامە و ئەو کۆچبەرانە دەتوانن لە بری "یۆنان" لەوێ داوای وەرگرتنی مافی پەنابەریی بکەن.
وەزارەتی دەرەوە و کۆچ و کۆچبەرانی یۆنان ئاماژەیان بەوەشکرد، ئەو بڕیارە نوێیە ھەنگاوێکی گرنگە بۆ ڕێگریکردن لە کۆچی نایاسایی.
بە پێی ڕێککەوتنی ساڵی ٢٠١٦ی نێوان یەکێتی ئەوروپا و تورکیا، دەبێت "ئەنقەرە" ئەو پەنابەرە سورییانە وەربگرێتەوە کە "ئەسینا" دەیانگەڕێنێتەوە، بەڵام ماوەی ١٥ مانگە تورکیا ھیچ کام لەو پەنابەرانەی وەرنەگرتووەتەوە کە لەلایەن "یۆنان"ەوە گەڕێندراونەتەوە و ژمارەیان ھەزار و ٤٥٣ کەسە.