دەقی پەیامەکە…
لە ساڵیادی کارەساتی ١ ی شوباتدا، سووربوونی خۆمان بۆ دژایەتی کردنی تیرۆر و یەکخستنەوەی نێو ماڵی کوردی دووپات دەکەینەوە .
ئەمڕۆ ٢٠ ساڵ تێپەڕ دەبێت، بەسەرکردەوە تاوانکاریە تیرۆریستیەکەی، ناو بارەگای مەلبەندی ٣ی ھەولێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لقی ۲ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕۆژی ٢٠٠٤/٢/١ دا دوژمنانی مرۆڤایەتی و تاریکپەرستان، لە رێگای دوو تیرۆریستی سەر لێشێواودا ، لەیەکەم رۆژی جەژنی قوربانی پیرۆزدا ، لەکردەوەیەکی خۆکوژیدا ، لەناو ھەردوو بارەگای مەڵبەندی٣ی ھەولێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و لقی ۲ی پارتی دیموکراتی کوردستاندا خۆیان تەقاندەوە .
لەم کردەوەیە دڕندانەیەدا ١٠٥ کەس لەھاوڵاتیان و سەرکردەو ئەندامانی یەکێتیی وپارتی شەھیدبوون و ژمارەکیش برینداربوون .
لەو یادە خەمناکەدا، سەری رێز بۆ گیانی پاکی شەھیدان دادەنوێنین و وەک سەروەری و شانازیش، ڕێزی بریندارانی کارەساتەکەو بنەماڵەی شەھیدان دەگرین و پێکەوە درێژە بەڕێبازی شەھیدان دەدەین .
ئەم بۆنە خەمناکەش دەکەینە ھەوێنی تەبایی و یەکریزی گەلەکەمان و بۆ تێپەڕاندنی ئەم قەیرانانەی ئێستا و ئەو مەترسیانەی ھەڕەشە لەدەستکەوتەکانمان دەکەن ، گەلی کوردو ھێزە سیاسیەکانی ، پێویستیان بەپەیڕەوکردنی گیانی لێبوردەیی سەرۆک مام جەلال و سیاسەتی چەپکەگوڵەکەی مام جەلال ھەیە ، چونکە ئەم سیاسەتی پێکەوەبوونە ، سەقامگیری بۆ ھەرێمی کوردستان دەگێڕێتەوە .
لەیادی ئەم کۆستە گەورەیەی نەتەوەکەماندا، وەبیر ھەمووانی دێنینەوە، تیرۆریستان بەم تاوانی کۆمەڵکوژیەیان، کە ھەولێریان خەڵتانی خوێنکرد و تاوانێکی گەورەشیان بەرامبەر بەمرۆڤایەتیش ئەنجامدا، نابێ بیریشمان بچێت کە دوژمنانی کوردستان، بۆ پەلامارەکانیان، ھیچ جیاوازیەک لەنێوان ڕەنگ و دەنگە جیاوازەکانمان ناکەن ، چونکە تیرۆریستان لەم تاوانەشیاندا ، مەبەستیان بوو ئاشتی وتەبایی و گیانی لێبوردەیی جەژن ، لە ھەولێرو ھەولێریەکان تاڵ بکەن و درزیش بخەنە نێوان ڕیزەکانی ھێزە سیاسیەکانی کوردستان ، بەلام ئەو ئاواتەیان نەھاتەدی و ئەم کارەساتەش بووە ھەوێنی زیاتر بەھێزکردنی گیانی پێکەوەیی و تەبایی و پتەوکردنی یەکێتی ریزەکانی گەلی کوردستان .
ئەم کردوەوە تیرۆریستیە ، ئیرادەی گەلەکەمان و گیانی بەرگری و قارەمانانەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستانیشی بەھێزتر کرد ، لەڕووبەڕوو بوونەوەی بیری توندڕەوی بەناو جیھادی ئیسلامی و لەناوبردنیان ، بەتایبەت لەڕووبەڕووبوونەوەو لەناوبردنی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)دا ، بەھاوکاری ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی و دۆستەکانی گەلی کوردستان .
لەم یادەدا ، وێرای تەئکید کردنەوەو پەرۆشیمان لەسەر پتەوکردنی یەکریزی و تەبایی و ھاوھەڵوێستی ھێزە سیاسیەکانی کوردستان و سوور بوونی خۆمان دووپات دەکەینەوە ، لەسەر بەرەنگاربوونەوەی تێرۆریستان و پاراستن و گەشەپێدانی دەستکەوتەکانی گەلەکەمان و خزمەتکردنی ھاوڵاتیان بەگشتی و کەسوکاری شەھیدان بەتایبەت بەبێ جیاوازی .
گەلەکەمان دڵنیا دەکەینەوە ، ئەم ڕۆژی ماتەمینیەی ھەولێریەکان ، دەکەینە ھاندەرێک بۆ کارکردن لەسەر بنبڕکردنی فیکرو کلتوری تیرۆرو تیرۆریستان ، لەسەرتاسەری عیراق و ھەرێمی کوردستان ، بەھاوکاری ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ئازادیخوازانی دنیا .
لەم رۆژەدا ، دووپاتی دەکەینەوە ، کردەوە تیرۆریستیەکان ناتوانن ڕێگە لەبەرەوپێشبردنی گەل و وڵاتەکەمان بگرن ، بەڵکو خوێنی شەھیدەکانمان ھاندەرمان دەبێت بۆ زیاتر خزمەت کردنی خەڵکی خۆشەویستی ھەولێر .
درود بۆ گیانی پاکی شەھیدان و ڕێزو وەفاداریشمان بۆ کەسوکاری شەھیدان و بریندارو کەمئەندامانی مەرگەساتی یەکی شوبات دووپات دەکەینەوە.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
مەڵبەندی ٣ی ھەولێر
ئاژانسی رۆژنیوز بڵاویکردەوە، رۆژنامەنوس سلێمان ئەحمەد، رۆژنامەنوسی ئاژانسەکەیان ١٠٠ رۆژ لەمەوبەر لە دەروازەی فیشخابوور لەکاتی گەڕانەوەی بۆ ھەرێمی کوردستان لەلایەن ئاسایشی پارتییەوە دەستگیرکرا و تا ئێستاش بێسەروشوێنە و رێگە نادرێت پارێزەرانی چاویان پێ بکەوێت.
راشیگەیاندووە، لە دوای رفاندن و بێسەروشوێنکردنی سلێمان ئەحمەد، ئاسایشی دھۆک بە بڵاوکردنەوەی تۆمەتێکی ناڕەوا دەیەوێت سلێمان ئەحمەد، ھاوشێوەی زیندانییانی بادینان سزا بدەن، رۆژنیوزیش سەرلەبەری ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە، ئەو مامەڵەیەی پارتی بەرامبەر رۆژنامەنووسان ئیدانە دەکات.
ھاوکات نەریمان ئەحمەد، یەکێک لە ئەندامانی تیمی پارێزەرانی سلێمان ئەحمەد ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، ئەگەر چارەنووسی سلێمان ئاشکرا نەکرێت، ئەوا وەزیر ناوخۆی ھەرێم بانگھێشتی دادگای فیدراڵی دەکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، ١/٢/٢٠٢٤ لیژنەی دیاریکردنی نرخی موەلیدە ئەھلییەکان کۆبوونەوە و بەپێی نرخی سوتەمەنی لە بازاڕەکاندا نرخی ھەر کاتژمێرێک بۆ یەک ئەمپێڕ (٤٢) دینارە، بەمەش نرخی یەک ئەمپێڕ کارەبای موەلیدەی ئەھلی لە ناوشاری سلێمانی لەنێوان (١٣.٥٠٠) بۆ (١٤.٥٠٠) دینارە، بەوپێیەی موەلیدەکان لە نێوان (٣٢٠ بۆ ٣٤٥) سەعات کاریان کردوە، بەھۆی جیاوازی کارکردنیان، نرخی ئەمپێڕێک کارەبای موەلیدەی گەڕەکێک بۆ گەڕەکێکی دیکە جیاواز دەبێت.
ھەروەھا ھەندێک شوێن بەرنامەی کارکردنی موەلیدەکانیان لە (٧)ی بەیانی بۆ (١)ی شەوە، نرخی ئەمپێریان (١٨.٠٠٠ بۆ ١٩.٠٠٠ ) دینار.
ئەو موەلیدانەش کە کارکردنیان ٢٤ سەعاتییە نرخی ئەمپێریان (٢١.٠٠٠ بۆ ٢٣.٠٠٠) دینارە.
ھاوکات، خشتەی کارپێکردنی موەلیدە بۆ مانگی (شوبات) گۆڕانکاری تێدادەکرێت و موەلیدەکان تەنیا لەنێوان ١ی پاشنیوەڕۆ تا ١ی شەو ئەگەر کارەبای نیشتیمانی کۆژایەوە کار دەکەن، بەیانیانیش لەکاتژمێر :٦:٣٠تا ٨:٠٠ی بەیانی کاردەکەن.
رۆژانی ھەینی و شەممە پشووە فەرمییەکان بەیانیان کارناکەن لەبری ئەوە کاتژمێر ١١ی پێشنیوەڕی بۆ ١ی شەو کاردەکەن.
لیژنەی دیاریکردنی نرخی موەلیدە ئەھلییەکان، لەکۆنووسەکەدا جەختیان لەوە کردوەتەوە کە لەکاتی کوژاندنەوەی کارەبای نیشتیمانی نابێت کارپێکردنی موەلیدە و پێدانی کارەبا بەھاوڵاتیان لە (١٠) خولەک زیاتر بخایەنێت، بەپێچەوانەوە خاوەن موەلیدەکە سزا دەدرێت.
راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کارەبای سلێمانی
سەرچاوەیەکی تایبەت لە وەزارەتی دارایی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەمڕۆ حکومەتی عێراق ٦١٨ ملیار دینارەکەی پشکی ھەرێمی خستە سەر ھەژماری بانکی وەزارەتی دارایی ھەرێم.
وتیشی، ئەو پارەی گەیشتووەتە ھەرێم بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی کانوونی دوووەمی ئەمساڵە.
ئاشکراشیکرد، ئەمڕۆ لیستی مووچە رادەگەیەنرێت و بڕیارە سبەینێ ٢ی شوبات دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت و لە ماوەی حەوت رۆژدا واتا تا رۆژی ٨ی شوبات مووچەی سەرجەم دامودەزگاکان دابەش بکرێت.
ئەوەش لەکاتێکدایە نزیکەی ٥٠ رۆژە وەزارەتی دارایی ھەرێم مووچەی دابەشنەکردووە، تائێستا چارەنوسی مووچەی مانگەکانی ١٠ و ١١ و ١٢ی ساڵی ٢٠٢٣ دیار نیین.
پەیامی جێگری سەرۆکی ھەرێم لە ساڵیادی شەھیدانی یەکی شوباتدا....
ساڵیادی شەھیدانی یەکی شوبات، یادەوەرییەکی پڕ لە داخ و ئازارە بۆ ھەموو لایەکمان، کە تیایدا کۆمەڵێک لە ھەڤاڵ و سەرکردە و پێشمەرگە و خەڵکی مەدەنی بوون بە قوربانی خاک و نیشتیمان، بە بێ دیاریکردنی ڕەنگ و ئایدیا و دروشم لە لایەن تیرۆریستانی تاریک پەرستەوە کرانە ئامانج، لێرەوە سەری ڕێز و وەفا بۆ یەکە یەکەی شەھیدانی ئەم کارەساتە لە بیرنەکراوە و گشت شەھیدانی کوردستان و خۆڕاگری خانەوادە سەربەرزەکانیان دادەنەوێنم.
بە داخەوە ئەوەی لە پشت ئەو کردەوە قێزەونانەوە دەکرێتە ئامانج تەنھا شەھید بوونی ڕۆڵەکانمان نیە، بەڵکو لە دیدگای دوژمنانەوە ئامانج تیایدا سڕینەوەی شوناسی نەتەوەی کورد و کوردستانە، گرنگە لێرەدا سەرکردایەتیی کورد درک بەو واقیعە بکات کە دوژمنان لە ڕابردوو و ئێستاشدا ئامانجیان لەناوبردنمان بووە و دەبێت، بۆ ھەمیشە ھەڕەشە و مەترسی دەبن بۆ سەر خاک و نیشتیمانمان.
ھیواخوازم ڕەنج و خەبات و تێکۆشانی خەڵکی کوردستان نەکرێتە قوربانی بەرژەوەندییە تایبەتییەکان، با خوێنی شەھیدان و کەمئەندامانی سەنگەر بکەینە ھێزی بەدەستھێنانی مافە دەستوورییەکانمان، چونکە بەرژەوەندی گشتیی لێمان دەخوازێت کە گیانی برایەتیی و یەکڕیزی نێوان لایەنە سیاسییەکان گرنگە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان، ھەروەھا باشبوونی ژیان و گوزەرانی خەڵک بکەین بە کاری لە پێشینەمان، وەک قەرەبوویەک بۆ ئەو نەھامەتیەی کە لە ساڵانی ڕابردوودا چەشتوویانە.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان
٢٠٢٤/٢/١
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لە پەیامێکدا بۆ ساڵیادی تێپەڕبوونی ٢٠ ساڵ بەسەر تاوانی ١ی شوباتی شاری ھەولێر رایگەیاند، یەکی شوباتی ھەموو ساڵێک وەبیرھێنەرەوەی ئەو راستییە مێژووییەیە کە لای تیرۆریستان و دوژمنان و نەیاران، تۆ کوردی، ئیتر گرنگ نییە کێیت و سەر بەکێیت. مادام کوردی دەبێت لاواز بێت و لەناوبچێت.
وتیشی، لەپێناو پاراستنی وڵات و رێزگرتن لە خوێنی شەھیدان، پێویستە بە تایبەت لەم قۆناغەدا بەڕووی دەرەوەدا یەک وتار و یەک ھەڵوێست بن.
وەزارەتی پێشمەرگە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، پاڵپشت بە فەرمانی ھەرێمی ژمارە ٤٣٩ لە رێکەوتی ٢٤ی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردو، پلەی چوار ھەزار و ٣٠٤ ئەفسەر لە خشتەکانی نەورۆز و ئەیلولی ئەفسەرانی وەزارەت و یەکەکانی ٧٠ و ٨٠ بەرزکرایەوە.
ھاوکات، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە پیرۆزبایی لە ئەفسەران کرد و ئاماژەی بەوەدا، لە رابردوودا ھەوڵەکانیان لەگەڵ تیمی باڵای وەزارەتیان، بە بەرنامەیەکی دروست و سەرکەوتووانە کاریان کردووە، لەسەر رێکخستنەوەی دۆسیەی پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەران و گەڕانەوەی پلەکانیان لە وادەی ئاسایی و یاسایی خۆی.
ئەو کەسەی دەستگیرکراوە ناوی تێکۆشەر حسێنە کە مامۆستا و چالاکوانێکی ناسراوی سۆرانە، مەسعود حسێن، برای ئەو چالاکوانە بە کوردسات نیوزی راگەیاند، چەند رۆژێک لەمەوبەر براکەی لەلایەن ئاسایشی سۆرانەوە پەیوەندی پێکراوە و ئەمڕۆش خۆی چووەتە ئاسایش، بەڵام دواتر ئازاد نەکراوە.
وتیشی، تائێستا نازانن ھۆکاری دەستگیرکردنەکەی لەسەر چییە، بەڵام لەرێگەی ژمارەیەک پارێزەری خۆبەخشەوە بەدواداچوون بۆ دۆسییەکەی دەکەن.
دەقی پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی...
شەھید ئارام، وەکو یەکێک لە لێھاتووترین سەرکردەکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، ڕۆڵێکی گەورە و کاریگەر و یەکلاکەرەوەی لە سەرپێخستنی شۆڕشی نوێی گەلەکەماندا ھەبوو. دڵسۆزی و خۆنەویستییەکەی، لەگەڵ ڕۆشبیرییە قووڵ و ھەمەلایەنەکەی، کردیان بەو سیمبولەی کە تەنھا بە ناوھێنانی، گوڕوتین بە یەکێتییەکان ببەخشێت.
رۆحی کاک ئارام و سەرجەم شەھیدانی ڕێگەی ڕزگاریی کوردستان شاد بێت. لە مێژووی نەتەوەکەماندا، ناوی کاک ئارام بە بەرزی و شکۆوە دەمێنێتەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێم رایگەیاند، لە كۆبونەوەكەی ئەنجومەنی وەزیران دواپەرەسەندنەكانی گفتوگۆی حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ سەبارەت بە پرسی بودجە و مووچە و تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان تاوتوێ دەكات.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، تەوەرێكی دیكەی كۆبونەوەكە پێشنیازی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارە، تایبەت بە دەستپێكردنەوەی گرێبەستەكانی پەیوەست بە پڕۆژەكانی ماستەپلانی شار و شارۆچكەكانی هەرێم.
لە بەشێكی دیكەدا دەنگدەدرێت لەسەر ڕەشنووسی كۆتایی (ڕێنمایی كاركردنی بیانی لە هەرێمی كوردستان).
دوێنێ وەزیری دارایی هەرێم لە میانی كۆبونەوەی لەگەڵ یان برێم كونسوڵی گشتی فەڕەنسا لە هەرێم رایگەیاند، لەسەر ناوەڕۆكی هەمواری یاسای بودجە لەگەڵ حكومەتی عێراق رێككەوتون، بە جۆرێك پرسی مووچەی فەرمانبەران چارەسەر بكرێت و لە هەموو كێشە و پابەندیەك جیابكرێتەوە.
دەقی پەیامەکە…
پەیامی مەکتەبی سیاسیی
بۆ ٤٦ ساڵەی شەھیدبوونی کاک ئارام
یاد و بیرەوەری شەھیدی سەرکردە کاک ئارام، شاسوار جەلال، بۆنەیەکی ئیلھامبەخشە بۆ جۆشدانەوەی خەبات و تێکۆشانی گەلەکەمان بەرەو مافی چارەنووس و بەدیھێنانی ویست و ئاواتەکانی کۆمەڵی کوردەواری لە دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ئازادی و یەکسانیدا.
رێڕەوی خەباتی سیاسی، پێشمەرگایەتی و روناکبیری شەھید ئارام و رۆڵی لەسەرپێشخستنی شۆڕشی نوێی گەلەکەمان، بەڕابەرایەتیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، رۆڵێکی جوامێرانە و سەربەرزانەیە کە وێڕای (٤٦)ساڵ تێپەڕبوون بەسەر شەھیدبونیدا ھێشتا لە یادەوەری و دڵودەروونی یەکێتییەکان و گەلەکەماندا زیندووە و بۆ لەمەودواش ھەوێنی سەرخستنی تێکۆشانی ھەمەلایەنە دەبێت تا سەرکەوتنی یەکجارەکی.
بەرزو پیرۆزبێت یادی کاک ئارام و ھەموو شەھیدانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان.
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
٣١/١/٢٠٢٤
پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، رۆژی ٢٩ی ئەم مانگە ئەندامانی دەرچووی ئەنجومەنی پارێزگا سوێندی یاساییان خوارد و بڕیاربوو کۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێی پارێزگای کەرکوک سبەینێ پێنجشەممە ئەنجام بدرێت و کۆبونەوەکە بە سەرۆکایەتی بەتەمەنترین ئەندامی ئەنجومەنەکە بەڕێوەبچێت. بەڵام دانیشتنێک لە نێوان لیستەکاندا بەڕێوەچووە و نەگەیشتونەتە رێککەوتن، لەبەر ئەوە یەکەم کۆبونەوە دواخراوە و راکان جبوری پارێزگاری پێشووی کەرکوک بەوەکالەت بڕیاریدا بە دواخستنی کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا بۆ دووشەممەی داھاتوو ٥ی شوبات.
دەشڵێت، بەپێی یاسا پێویستە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا لە ماوەیەکی دیاریکراودا سەرۆک و بڕیاردەری ئەنجومەن و پارێزگار ھەڵبژێرن.
ھێزی کەناراوی یۆنان رایانگەیاند، بەلەمێکی کۆچبەران بە نزیکەی ٦٠ کۆچبەرەوە بەھۆی خراپی کەشوھەوا و بایەکی بەھێزەوە، لە کەناراوەکانی دوورگەی لیسبۆس خۆی کێشاوە بە ناوچەیەکی شاخاوی و کەوتوونەتە دەریاوە.
بەھۆی رووداوەکەوە تەرمی دوو کۆچبەر دۆزراونەتەوە کە ژن و پیاوێکن، دەشوترێت یەکێکی دیکە بێسەروشوێنە.
ھاوکات ٥٧ کۆچبەر رزگاریان بووە کە توانیویانە خۆیان بگەیەننە وشکانی، لە ئێستاشدا لە شوێنێکن لە دوورگەکە و لەلایەن پۆلیسەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.
عەمید ئاسۆ حەسەن، بەڕێوەبەری نوسینگەکانی کارتی زانیاری سلێمانی لەگەڵ ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی کۆبوەوە و باسیان لە گرنگی کارتی زانیاری کرد بۆ ھاووڵاتیان، کە وەک پشتگیری نیشتەجێبوونە بۆ ھەر خێزانێک و زانیاری تەواوی خێزان لەخۆدەگرێت.
وتیشی، دادگای فیدراڵی ھیچ بڕیارێکی بۆ راگرتنی کارتی زانیاری نەداوە و ئەو زانیارییە بە ھەڵە گەشتبوو بە ھاووڵاتیان، چونکە ئەو کارتە زانیاری زۆری تێدایە و پێویستە ھەموو خێزانێک ھەیبێت.
لە رۆژی ٨ی ئەم مانگە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە کە دادگای فیدڕاڵی کارکردنی بە کارتی زانیاری ھەڵوەشاندوەتەوە، بەڵام دادگا ئەو سکاڵایەی رەتکردوەتەوە کە داوای وەستاندنی کارکردن بەو کارتە دەکات.
دەقی پەیامەکە...
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
ھاوڵاتیانی خۆشەویستی ھەوڵێری پایتەخت
بیست ساڵ لەمەوپێش، لەبەرە بەیانی جەژنی قوربانی ساڵی ٢٠٠٤ دا، تیرۆریستان بۆنەی جەژن و گەردەن ئازادی گەلی کوردستانیان خەڵتانی خوێن و فرمێسک کرد.
کارەساتی ١ی شوبات کە زیاتر لە سەد و پێنج شەھید و برینداری لێکەوتەوە لە سەرکردە و ئەندامانی یەکێتیی و پارتی و ھاوڵاتیانی ھەولێری خۆشەویست، زیان و کۆستێکی گەورە بوو لە میللەتەکەمان لە عێراقی پاش کەوتنی دیکتاتۆری کە رووی لە داڕشتنی پرۆسەیەکی سیاسیی نوێ، دیموکراسیی و فیدراڵی بوو، لە ھەمان کاتدا پەیام و راچڵەکینێکی مێژووییش بوو بۆ بزوتنەوەی سیاسیی کوردستان و ھێزە سیاسییەکانی کە تیرۆرستان و دوژمنانی گەلەکەمان بێ جیاوازی بارەگای مەڵبەند و لق بێ جیاکاری لە نێوان یەکێتیی و پارتی و رەنگەکانمان، وەک یەک نەتەوە و یەک چارەنووس دەمانکەنە ئامانجی لەناوبردن و کوشتن و جینۆساید، بۆیە بەرگرتن لە دوبارەبونەوەی کارەساتێکی وەھا جگە لە ئاگایی و چاوکراوەیی زیاتری ئەمنی، پێویستی بە یەکریزی و یەک ھەڵوێستی بەردەوامی ھەموو لایەکمانە، بەتایبەتی لەمڕۆدا کە ھەڕەشەی ھەمەجۆری سەر ئەزموونەکەمان لێمان دەخوازێ پێکەوە تەگبیری ھاوبەش و دەستپێشخەری بنیاتنەرانە بگرینەبەر و ھەڕەشەکان بکەینە دەرفەتێکی گونجاوتر بۆ داھاتوومان.
جارێکی تر لەم یادەدا سەری رێز و نەوازش و وەفاداری بۆ شەھیدانی سەرکردە و تێکۆشەران و ھاوڵاتیانی کە بۆ پیرۆزبایی و گەردەن ئازادی جەژن ھاتبوون، و گشت شەھیدانی رێگای ڕزگاری و سەرفرازی گەلەکەمان، دادەنەوێنین.
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان
١-٢-٢٠٢٤