ھێزی کەناراوی یۆنان رایانگەیاند، بەلەمێکی کۆچبەران بە نزیکەی ٦٠ کۆچبەرەوە بەھۆی خراپی کەشوھەوا و بایەکی بەھێزەوە، لە کەناراوەکانی دوورگەی لیسبۆس خۆی کێشاوە بە ناوچەیەکی شاخاوی و کەوتوونەتە دەریاوە.

بەھۆی رووداوەکەوە تەرمی دوو کۆچبەر دۆزراونەتەوە کە ژن و پیاوێکن، دەشوترێت یەکێکی دیکە بێسەروشوێنە.

ھاوکات ٥٧ کۆچبەر رزگاریان بووە کە توانیویانە خۆیان بگەیەننە وشکانی، لە ئێستاشدا لە شوێنێکن لە دوورگەکە و لەلایەن پۆلیسەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.