پەیامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە یادی بیست ساڵەی کارەساتی یەکی شوباتدا
کوردسات نیوز
٣١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤
٧٤٤
دەقی پەیامەکە...
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان
ھاوڵاتیانی خۆشەویستی ھەوڵێری پایتەخت
بیست ساڵ لەمەوپێش، لەبەرە بەیانی جەژنی قوربانی ساڵی ٢٠٠٤ دا، تیرۆریستان بۆنەی جەژن و گەردەن ئازادی گەلی کوردستانیان خەڵتانی خوێن و فرمێسک کرد.
کارەساتی ١ی شوبات کە زیاتر لە سەد و پێنج شەھید و برینداری لێکەوتەوە لە سەرکردە و ئەندامانی یەکێتیی و پارتی و ھاوڵاتیانی ھەولێری خۆشەویست، زیان و کۆستێکی گەورە بوو لە میللەتەکەمان لە عێراقی پاش کەوتنی دیکتاتۆری کە رووی لە داڕشتنی پرۆسەیەکی سیاسیی نوێ، دیموکراسیی و فیدراڵی بوو، لە ھەمان کاتدا پەیام و راچڵەکینێکی مێژووییش بوو بۆ بزوتنەوەی سیاسیی کوردستان و ھێزە سیاسییەکانی کە تیرۆرستان و دوژمنانی گەلەکەمان بێ جیاوازی بارەگای مەڵبەند و لق بێ جیاکاری لە نێوان یەکێتیی و پارتی و رەنگەکانمان، وەک یەک نەتەوە و یەک چارەنووس دەمانکەنە ئامانجی لەناوبردن و کوشتن و جینۆساید، بۆیە بەرگرتن لە دوبارەبونەوەی کارەساتێکی وەھا جگە لە ئاگایی و چاوکراوەیی زیاتری ئەمنی، پێویستی بە یەکریزی و یەک ھەڵوێستی بەردەوامی ھەموو لایەکمانە، بەتایبەتی لەمڕۆدا کە ھەڕەشەی ھەمەجۆری سەر ئەزموونەکەمان لێمان دەخوازێ پێکەوە تەگبیری ھاوبەش و دەستپێشخەری بنیاتنەرانە بگرینەبەر و ھەڕەشەکان بکەینە دەرفەتێکی گونجاوتر بۆ داھاتوومان.
جارێکی تر لەم یادەدا سەری رێز و نەوازش و وەفاداری بۆ شەھیدانی سەرکردە و تێکۆشەران و ھاوڵاتیانی کە بۆ پیرۆزبایی و گەردەن ئازادی جەژن ھاتبوون، و گشت شەھیدانی رێگای ڕزگاری و سەرفرازی گەلەکەمان، دادەنەوێنین.
مەکتەبی سیاسی
یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان
١-٢-٢٠٢٤