عەلی عەباس جیھانگیر بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی کاروباری بەشەکان لە وەزارەتی کۆچ و کچبەرانی عێراق رایگەیاندوە، وەزارەتەکەیان قەرەبوی ١٣٦ خێزانی ئاوارەی کەمپی شاریای کردووەتەوە، کە بەھۆی روداوی ئاگرکەوتنەوەکە خێمەکانیان سوتاوە و ھەریەکێکیش لەو خێزانانە بڕی ٥٠٠ ھەزار دیناری وەرگرتوە.
راشیگەیاندوە، ژمارەی ئەو خێمانەی کە لە کەمپەکەدا سوتاون ٣٨٧ خێمەیە، بەڵام دوای لێکۆڵینەوە بۆیان دەرکەوتوە کە خێزانێک لەو کەمپەدا ٢ بۆ ٣ خێمەیان ھەیە، چونکە ماوەی ٥ بۆ ٦ ساڵە تێیدا نیشتەجێن.
رۆژی چواری حوزەیران ئاگرێکی بەھێز لە کەمپی شاریای پارێزگای دھۆک کەوتەوە، کە تایبەتە بە ئاوارە ئێزدییەکان و لە ئەنجامدا ش کەس برینداربون و سەدان خێمە سوتان.
بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی رایگەیاندووە، دوای ئەوەی ھێزەکانی بەرێوەبەرایەتیان ئاگادارکرانەوە لە بوونی تەرمێکی سوتێنراو لە نزیک گوندی عەزیزاوا، پاش ئەوەی ھێزەکانیان چونە شوێنی رووداوەکە، بە فەرمانی دادوەر دەستبەجێ دەستکرا بەلێکۆڵینەوە و بەدواداچوون و توانرا چەند سەرەداوێک بدۆزرێتەوە.
راشیگەیاندووە، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە لاشە سوتێنراوەکە ناسرایەوە کەژنێکە بەناوی (ب،ع،ح) لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٠، لە ڕۆژی ١٥و١٦ ی ٢٠٢١ تۆمەتباران سەرجەمیان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانیەوە دەستگیرکران بەناوەکانی (پ ع ح) لە دایکبوی ساڵی ١٩٨٥ سلێمانی، (م،ع،ح) لە دایکبوی ساڵی ١٩٨٨، (ب،ج،ج) لە دایکبوی ساڵی ١٩٩٦.
ئاسایشی سلێمانی ئەوەی ئاشکراکردووە، تۆمەتباران دانیان بەوەداناوە، کە لە رۆژی ١٠ی ٦ی ٢٠٢١ تۆمەتباری سەرەکی تاوانەکە لەسەر کێشەیەکی کومەڵایەتی ژنەکەی بە ئۆتومبێل و بردووە بۆ دەرەوەی شار، لەکاتی سەرخستنی لە ناو ئۆتومبێلەکەدا ژنەکە بەرەنگاری بووەتەوە و لەلایەن تاوانبارەکەوە بەسێ فیشەک کوژراوە ، دواتر بردویەتی لە چۆڵەوانییەکی نزیک گوندی عەزیزاوا سوتاندویەتی.
ئاشکراشیکردووە، لە ئەنجامدانی ئەم تاوانەدا دوو تۆمەتبارەکەی تر بە تۆمەتی پێدانی چەک و ھاوکاریکردن لە ئەنجامدانی تاوانەکەدا، بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون و لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە بەردەوامە .
بە پێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی، لە ماوەی ٢٤ سەعاتی ڕابردوو لە ھەرێمی کوردستان ٤٦٦ کەسی تر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ھەشت تووشبووی تری کۆرۆنا گیانیان لە دەستدا و ٤٩٩ تووشبووی تری ڤایرۆسەکەش چاکبوونەتەوە.
بە پێی زانیارییەکانی کوردسات نیوز، نرخی بەنزین گرانتر دەبێت و نرخی لیترێک بەنزینی نۆرماڵ لە ٧٠٠ دینارەوە دەبێتە ٧٥٠ دینار و موحەسەنیش لە ٧٥٠ دینارەوە دەبێتە ٨٠٠ دینار، سوپەریش لە ٨٥٠ دینارەوە بۆ ٩٠٠ دینار بەرز دەبێتەوە.
بە وتەی خاوەن بەنزینخانەکانیش، بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیھان و بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار لە بەرامبەر دینار کاریگەرییان لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین ھەبووە و پێدەچێت نرخی بەنزین لەو نرخەی ھەیە زیاتر بەرز ببێتەوە.
وەفدێکی فەرماندەیی یەکەی ٧٠ی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە بەغداد لەگەڵ عوسمان غانمی وەزیری ناوخۆی عێراق کۆبوونەوە و گفتوگۆیان کرد لە بارەی پاراستنی سنورەکانی ھەرێم و توندوتۆڵکردنەوەی دامەزراوە ئەمنییەکانی ھەرێم و وەزارەتی ناوخۆی عێراق و ڕۆڵی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان، لەو چوارچێوەیەشدا بڕیارە ھەفتەی داھاتوو، وەزیری ناوخۆی عێراق سەردانی سلێمانی بکات.
ھاوکات نوسینگەی ڕۆژنامەوانی وەزیری ناوخۆی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، گفتوگۆ لەسەر پتەوکردنی سەقامگیری لە ناوچە سنورییەکان کراوە بە ھاوبەشی ھەردوولا و ئەوەش بە گرتنەبەری چەند ڕێوشوێنێک، ھەروەھا وەزیری ناوخۆی عێراقیش جەختی لەوە کردووەتەوە، ھێزی پاسەوانی سنوری ھەرێم ڕۆڵی باشی ھەبووە لە تێکشکاندنی داعش و بەرەنگاربوونەوەی تاوان.
جێگری سەرۆکی حکومەت داوای لە ئاسایشی سلێمانی کرد بۆ دۆسیەکانی تری توندوتیژی دژی ژنان زیاتر ھاوکاری دام و دەزگا یاساییەکان بن، چونکە ئەم دیاردەیە جگە لە دەستدرێژی و سنور بەزاندن پەڵەیەکی ڕەشە بۆ لەکەدارکردنی ناوبانگی کۆمەڵگەی کوردی.
ھاوکات جێگری سەرۆکی حکومەت دووپاتیکردەوە حکومەت پێداگر و چاودێر دەبێت لەسەر جێبەجێکردنی یاسا لە ھەرەسانکردن و تاوانەکانی کوشتنی ژنان و جگە لە جێبەجێکردنی دادگەری بە ھیچی تر ڕازی نابێت.
سیروان محەمەد سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ کوردسات نیوز رایگەیاند، بەپێی بەدواداچوونی دەستەکەمان، دابەزاندنی بەھای دینار ھەڵئاوسانی لە ناو بازاڕەکان دروستکردووەو بووەتە کێشە بۆ ھاووڵاتیان چونکە نرخی پێداویستییەکان زیادیکردووە، باسی لەوەشکرد، لە دوو رۆژی داھاتوو راپۆرتی خۆمان تایبەت بە رێژەی ھەڵئاوسان بۆ مانگی ئایاری ٢٠٢١ ئاشکرا دەکەین.
سەبارەت بە رێژەی ھەژاری و بێکاری لە ھەرێمی کوردستان، وتی، "لە ساڵی ٢٠١٨ەوە ھیچ ئامارێکی فەرمی نە لە عیراق و نە لە ھەرێمی کوردستان نەکراوە، بەڵام لە ئێستادا تیمەکانمان لە سلێمانی لە راھێناندان بۆ ئەوەی دەست بەڕوپێوییەک بکەین بۆ زانینی ئاماری بێکاری لە ھەرێمی کوردستان و بۆ ئەوەش ڕەنگە پێش کۆتایی مانگی ٩ی ئەمساڵ ئامارەکە ئاشکرا بکرێت".
راشیگەیاند، "بۆ ئاشکراکردنی ئامارەکانی ھەژاری لە عێراق و ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی لە پەیوەندیداین تاوەکو لە مانگی ١٠ دەست بە روپێوییەک بکەین لە عیراق و ھەرێمی کوردستان بۆ ئاشکراکردنی رێژەی ھەژاری و ئەوەش ماوەی ساڵێک دەخایەنێت تاوەکو کۆتایی دێت".
سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو لە وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کوردسات نیوز رایگەیاند، لەلایەن ھاوپەیمانان و لایەنی ئەمریکییەوە بەڵێن بە وەزارەتی پێشمەرگە دراوە مووچە نەدراوەکانی لیوا ھاوبەشەکانی پێشمەرگە بدرێتەوە.
وتیشی، "تاوەکو ئێستا پێنج مووچەی لیوا ھاوبەشەکان لەلای ھاوپەیمانان و ئەمریکا ماوەو بەوەش ئەگەر بۆ ئەم مانگە وەکو بەڵینیانداوە سێ مووچەی ئەو ھێزانە ڕەوانە بکرێت دەبێت دواتر دوو مووچەکەی دیکەی لیوا ھاوبەشەکان رەوانە بکرێت".
سەمیر ھەورامی وتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، رێککەوتنی نێوان ھەرێم و بەغداد بڕیاری خەرجکردنی بڕی ٢٠٠ ملیار دیناری مانگانە بۆ ھەرێم لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە بە ھەوڵی وەفدی باڵای حکومەتی ھەرێم بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی بووە.
وتیشی، سەرەتای سەردانەکانمان کۆبوونەوە لەگەڵ سەرجەم لایەنەکانی عێراق کراوە بۆ ئەوەی ئەو زانیارییە ناردوستانەی لەسەر حکومەتی ھەرێم دراوە راستبکرێتەوە.
راشیگەیاند. بەپێی بڕیارەکە دەبێت حکومەتی عێراق بەشە بودجەی شەش مانگ بۆ ھەرێم بنێرێت و ئەوەش کاریگەری باشی دەبێت لەسەر موچەی فەرمانبەران و لێبڕینی موچە و لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانیشدا باسی ئەو بابەتە دەکرێت.
بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، مەفرەزەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی - بنکەی پۆلیسی سەیوان بەھاوکاری بەشی پۆلیسی فریاکەوتن ئەو تۆمەتبارەیان دەستگیرکرد کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ژنێکی لەسەرقەبران کوشتبوو.
ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای ئەوەی شەوی ٢٩ لەسەر ٣٠ی ٥ی ٢٠٢١ تەرمی ژنێک بەخنکێنراوی لەگۆڕستانی سەیوان لە شاری سلێمانی دۆزراوەیەوە، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی سەرجەم بەش و بنکەکەنی سەر بەپۆلیسی سلێمانی ڕاسپارد کە دەستبەجێ لێکۆڵینەوەو بەدواداچونی بەپەلە ئەنجامبدەن بۆ دۆزینەوەو دەستگیرکردنی ئەنجامدەری تاوانەکە.
راشیگەیاند، پاش لێکۆڵینەوەی وردو کۆکردنەوەی زانیاریی پێویست و وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، توانرا شەوی ڕابردوو ئەنجامدەری تاوانەکە لەھەمان شوێنی ئەنجامدانی تاوانەکەی بدۆزرێتەوەو دەستگیربکرێت.
ئاشکراشیکرد، تۆمەتبار ب، ب، ح لەدایکبووی ١٩٩٧ لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانی بەتاوانەکەیدا ناوە و لەئێستادا بەبڕیاری دادوەر ڕاگیراوەو لێکۆڵینەوە لەڕووداوەکە بەردەمەوامە.
بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەگەڵ جەیمس سۆرنتۆن كونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی كوردستان كۆبووەوە كە بەهۆی كۆتاییهاتنی ماوەی كاركردنی لە هەرێم سەردانی دەباشانی كرد، لەدیدارێكدا بافڵ تاڵەبانی باسی لە تەواوی پرسەكان و سەردانی ئەم دواییەی وەفدی یەكێتی بۆ بەغداد و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆكایەتییەكانی عێراق و سەركردە و لایەنە سیاسییەكان كرد بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و ناردنی بودجەی هەرێم، سوربونی یەكێتیشی دوپاتكردەوە لەچارەسەركردنی ئاشتییانەی كێشەكان و پەنابردن بۆ دیالۆگی نیشتمانی بۆ زاڵبوون بەسەر ئاستەنگەكان و گەیشتن بە لێكتێگەیشتن لەنێوان هێزەكانی هەرێم و عێراق.
هەر لەدیدارەكەدا گفتوگۆ لەبارەی یەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە كرا و بافڵ تاڵەبانی پەرۆشی یەكێتی بۆ بونیادنانی هێزێكی یەكگرتووی بەدسپلین و راهێنراو دووپاتكردەوە و داوایكرد هێزەكانی هاوپەیمانان و بەریتانیا هاوكاربن و بەشداربن لەپێشخستنی سیستمی سەربازیی لە هەرێم.
ھاوکات لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ، وێڕای دووپاتکردنەوەی پابەندبوونی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە یاسای بودجەی فیدراڵی و جەختکردنەوەی حکومەتی فیدراڵیشی لە سەر جێبەجێکردنی یاساکە و ناردنی بەشە بودجەی ھەرێم، بەرز نرخاند.
سەرۆک وەزیران دەستخۆشی لە شاندی دانوستکاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان کرد کە سەرکەوتووانە ئەرکەکانیان بە جێگەیاندووە و بە ھەموو شێوەیەک ، داکۆکیان لە ماف و شایستە داراییەکانی ھەرێم کردووە . سەرۆک وەزیران خوازیار بوو ئەم ڕیککەوتنە ، ببێتە ھۆی باشتربوونی دۆخی دارایی ھەرێمی کوردستان.
پاشان سەرۆک وەزیران تیشکی خستە سەر سەردانی شاندی باڵای حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ھەردوو وڵاتی بەلجیکا و یۆنان و ئاماژەی بەوەدا کە بەرپرسانی باڵای ئەم وڵاتانە ، ئامادەیی خۆیان بۆ درێژەدان بە ھەماھەنگیی و پشتیوانیکردنی کارنامەی چاکسازی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەربڕیوە و بە چاوێکی گرنگەوە لە پێگەی ھەرێمی کوردستان دەڕوانن وەک فاکتەرێکی گرنگیی سەقامگیریی لە ناوچەکەدا.
هاوکات جێگری سەرۆکی ئەنجومەن و ئەندامانی شاندی دانوستکاری ھەرێم ، دوا پێشھاتەکانی دانوستانیان لە گەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵی خستەڕوو تایبەت بە دانانی میکانیزمی جێبەجێکردنی ماددەی ( ١١) لە یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی ٢٠٢١ .
لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا ، ئاوات شێخ جەناب وەزیری ئابووری و دارایی ، ڕوونکردنەوەی پێویستی لە بارەی دوایین ئامادەکارییەکانی ڕەشنووسی پڕۆژە یاسای بودجەی ھەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢١ خستەڕوو.
بە پێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی، لە ماوەی ٢٤ سەعاتی ڕابردوو لە ھەرێمی کوردستان ٤٧٣ کەسی تر تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ٢ تووشبووی تری کۆرۆنا گیانیان لە دەستدا و ٤٨٨ تووشبووی تری ڤایرۆسەکەش چاکبوونەتەوە.
ڕاگەیاندراوی ( ٢٤ ) کاتژمێری تایبەت بە نەخۆشی ڤایرۆسی کۆڕۆنای نوێ COVID١٩ ژمارە ( ٤٧٦ )
١. پشکنین: ( ٨١٧٥ پشکنینی نوێ)
• ( ٣١٧٨) ھەولێر
• ( ١٦٢٣) سلێمانی
• ( ٢٨٩١) دھۆک
• ( ٠) ھەڵەبجە
• ( ٣٨٨) گەرمیان
• ( ٩٥) ڕاپەڕین
•
٢. تووشبوو: ( ٤٧٣ تووشبووی نوێ)
• ( ٨٨) ھەولێر
• ( ١٩٩) سلێمانی
• ( ١٥٧) دھۆک
• ( ٠) ھەڵەبجە
• ( ٢٩) گەرمیان
• ( ٠) ڕاپەڕین
٣. چاکبوون: ( ٤٨٨ چاکبوون)
• ( ١٢٣) ھەولێر
• ( ٢١١) سلێمانی
• ( ١٠٢) دھۆک
• ( ١) ھەڵەبجە
• ( ٤٨) گەرمیان
• ( ٣) ڕاپەڕین
•
٤. ٤. مردن: ( ٢ مردن)
• ( ٠) ھەولێر
• ( ٠) سلێمانی
• ( ٢) دھۆک
• ( ٠) ھەڵەبجە
• ( ٠) گەرمیان
• ( ٠ ) ڕاپەڕین
•
ئاماری گشتی:
کەرەنتین ھاوڵاتی ٢١٨٧١ (٢١٨٧١ دەرچوو)
پشکنین ٢٠١٣٠٦٤ (٧٠٢٨٧٦ ھەولێر، ٤٨٥٨٠٧ سلێمانی، ٨٠٨٥٣٤ دھۆک، ١٥٨٤٧ ھەڵەبجە)
تووشبوون ١٧٨٢٥٢ (٥٤٢٧٦ ھەولێر، ٥٨٠٣٧ سلێمانی، ٦٢١٩١ دھۆک، ٣٧٤٨ ھەڵەبجە)
چاکبوون ١٦٦٦٩٠ ( ٥٢٠٩٧ ھەولێر، ٥١٥٥٥ سلێمانی، ٥٩٤٦٠ دھۆک، ٣٥٧٨ ھەڵەبجە)
لەژێر چارەسەر ٧١٨٠ (٩٨٧ ھەولێر، ٤٤٧٧ سلێمانی، ١٦٩٦ دھۆک، ٢٠ ھەڵەبجە)
مردن ٤٣٨٢ (١١٩٢ ھەولێر، ٢٠٠٥ سلێمانی، ١٠٣٥ دھۆک، ١٥٠ ھەڵەبجە)
بۆ زانیاری زیاتر سەردانی داشبۆردی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بکەن لەم لینکە (https://gov.krd/coronavirus/dashboard/).
وێڕای دەستخۆشی بۆ پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی و ھەموو تیمەکانی پزیشکی کە لە ئەرکدان، جەخت دەکەینەوە ھاووڵاتیان پابەندبن بە ڕێنماییەکانی تەندروستی و دورکەوتنەوە لە شوێنی قەڵەبالغ و دانانی ماسک و وەرگرتنی ڤاکسین، وە لەکاتی پێویستدا پەیوەندی بکەن بە ھێڵی گەرمی ژمارە ( ١٢٢ ).