ئاسایشی سلێمانی بکوژانی ژنێک دەستگیردەکات
کوردسات نیوز
١٧ی حوزەیرانی ٢٠٢١
بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی رایگەیاندووە، دوای ئەوەی ھێزەکانی بەرێوەبەرایەتیان ئاگادارکرانەوە لە بوونی تەرمێکی سوتێنراو لە نزیک گوندی عەزیزاوا، پاش ئەوەی ھێزەکانیان چونە شوێنی رووداوەکە، بە فەرمانی دادوەر دەستبەجێ دەستکرا بەلێکۆڵینەوە و بەدواداچوون و توانرا چەند سەرەداوێک بدۆزرێتەوە.
راشیگەیاندووە، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە لاشە سوتێنراوەکە ناسرایەوە کەژنێکە بەناوی (ب،ع،ح) لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٠، لە ڕۆژی ١٥و١٦ ی ٢٠٢١ تۆمەتباران سەرجەمیان لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانیەوە دەستگیرکران بەناوەکانی (پ ع ح) لە دایکبوی ساڵی ١٩٨٥ سلێمانی، (م،ع،ح) لە دایکبوی ساڵی ١٩٨٨، (ب،ج،ج) لە دایکبوی ساڵی ١٩٩٦.
ئاسایشی سلێمانی ئەوەی ئاشکراکردووە، تۆمەتباران دانیان بەوەداناوە، کە لە رۆژی ١٠ی ٦ی ٢٠٢١ تۆمەتباری سەرەکی تاوانەکە لەسەر کێشەیەکی کومەڵایەتی ژنەکەی بە ئۆتومبێل و بردووە بۆ دەرەوەی شار، لەکاتی سەرخستنی لە ناو ئۆتومبێلەکەدا ژنەکە بەرەنگاری بووەتەوە و لەلایەن تاوانبارەکەوە بەسێ فیشەک کوژراوە ، دواتر بردویەتی لە چۆڵەوانییەکی نزیک گوندی عەزیزاوا سوتاندویەتی.
ئاشکراشیکردووە، لە ئەنجامدانی ئەم تاوانەدا دوو تۆمەتبارەکەی تر بە تۆمەتی پێدانی چەک و ھاوکاریکردن لە ئەنجامدانی تاوانەکەدا، بەپێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراون و لێکۆڵینەوە لە کەیسەکە بەردەوامە .