ھەفتەی ڕابردوو تیرۆریستانی داعش ھەردوو بیرە نەوتی ژمارە ١٧٧ و ١٨٣یان لەناوچەی بایی حەسەن لەسنوری قەزای دووبز تەقاندەوە و بەوھۆیەوە ئاگرێکی بەھێز لە بیرە نەوتەکە کەوتەوە و ئاگرەکە زیانی نزیکەی ٥ ھەزار بەرمیل نەوت لێکەوتەوە .
بەپێی راگەیەندراوێکی وەزارەتی تەندروستی هەرێم، لە ماوەی ٢٤ سەعاتی ڕابردوو لە ھەرێمی کوردستان ٨٢٩ کەسی تر توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ١٠ توشبووی تری کۆرۆنا گیانیان لە دەستدا و ھەزار و ١٤٢ توشبووی تری ڤایرۆسەکە چاکبوونەتەوە.
نێردەی یەکێتی ئەوروپا لە عێراق لە راگەیەنراوێکدا نیگەرانی خۆی پیشانداوە لە بڕیاری دادگای پێداچوونەوەی ھەرێمی کوردستانی عێراق بۆ پەسەندکردنی بەندکردنی پێنج ڕۆژنامەنووس و چالاککوان و ئاماژەی بەوەکردوە، ئازادی ڕادەربڕین و ئازادی ڕۆژنامەنووسی و دادگاییکردنی دادپەروەرانە لە ڕەگەزە سەرەکیەکانی کۆمەڵگە دیموکراتیەکانن، حوکمڕانیکردنی نەرێنی کاریگەری لەسەر دەنگە ناڕازییەکان و ڕۆژنامەوانان دەبێت و وایان لێدەکات چیتر نەتوانن ڕاپۆرت و ھەواڵەکانیان بەبێ ترس بڵاو بکەنەوە یاخود.
راشیگەیاندوە، نێردەی یەکێتی ئەوروپا و نێردە دیبلۆماتیەکانی وڵاتانی ئەندام لە یەکێتی ئەوروپا نیگەرانن لەو ئاماژەیە لە حوکمی دادگەدا ھاتووە بە بوونی پەیوەندی لە نێوان باڵیۆزخانەکان و تۆمەتباراندا وەک کونسوڵخانەی گشتی ئەڵمانیا لە ھەولێر، ئاڵوگۆڕی پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆمەڵگەی مەدەنی بەشێکی سەرەکین لە کاری نێردە دیبلۆماتیەکان لە ھەموو جیھاندا .
نێردەی یەکێتی ئەوروپا داوا لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەن پابەند بێت بە مافەکانی مرۆڤەوە کە خۆی دەبینێتەوە لە ئەنجامدانی دادگاییەکی دادپەروەرانە و زامنکردنی بوونی ئازادی ڕادەبڕینی و ئازادی ڕۆژنامەنووسی.
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لەنامەیەکدا بۆ حکومەتی ھەرێم رایگەیاندوە، دادگایکردنی شێروان شێروانی، گوھدار زێباری، ھاریوان عیسا، ئەیاز ئەکرەم و شڤان سەعید نادادپەروەرانە بووەو رێگەش نەدراوە سزادراوەکان سکاڵا لەسەر ئەشکەنجەدانیان و مامەڵەی خراپ لەگەڵیان، بکەن.
رونیشیکردووەتەوە، دەستگیرکراوان تەنانەت لەکاتی دەستبەسەرکردنیاندا مامەڵەی خراپیان لەگەڵ کراوە، مانیان لە خواردن گرتووە، بەڵام وەڵامیان نەدراوەتەوە.
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی داوای لەحکومەتی ھەرێم کردووە بە پەلەو بێ مەرج ئەو پێنج رۆژنامەنوس و چالاکوانە ئازاد بکات و لێکۆڵینەوەش بکات لەبارەی ئەشکەنجەدان و مامەڵەکردنی خراپ لەگەڵیاندا.
فەرمانگەی میدیاو زانیاری بڵاویکردەوە، چوارچێوەی ھێڵە گشتییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە بواری چاکسازی کە پێداگری لەسەر چاکسازیی سیستەمی باج بە شێویەکی دادپەروەرانە دەکاتەوە لە وەرگرتنی باج و گرتنەبەری ھەموو ڕێکارێکی یاسایی و کارگێڕی بۆ ڕێگەگرتن لە خۆدزینەوە لە باج و میکانیزم و پێوەری تازە بۆ ڕێکخستنی باج و لەو پێناوەشدا کۆمەڵێک ڕێکاری گرتۆتەبەر
راشیگەیاندوە، رێکارەکان بریتین لە: وەرگرتنی باجی دەرامەت لەسەر بەرھەمە نەوتی و سوتەمەنییەکان و مەوادی کیمیایی تایبەت بە سوتەمەنییەکان و پاشەڕۆی سوتەمەنییەکان، کە لە ڕێکەوتی ٢٠٢١/٣/٥ چووەتە بواری جێبەجێکردنەوەو ٧% باج لە بەھا لە کاتی ھاوردەکردن، ٤% باج لە بەھا لە کاتی ھەناردەکردن وەردەگیرێت. مامەڵەی ھیچ کۆمپانیایەکی نەوت و گاز ڕایی ناکرێت تا پاکانەی باجی لەگەڵدا نەبێت. وردبینیی بڕی باجی خەمڵێنراو لە لایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئەنجام دەدرێت.
ھەروەھا دەبێ سەرجەم کۆمپانیاکانی دابینکار خۆیان لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، تۆمار بکەن. وەرگرتنی باجیش لە کارمەندی بیانیی بواری نەوت و گاز کە لە ڕێکەوتی ٢٠٢١/١/١٧ چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە رونکردنەوەیەکی سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی ئاماژە بەوەدەکات، لە زۆربەی سایت کەناڵەکانی راگەیاندن ھەواڵی فرۆشتنی چەند قوتابخانەیەکی ناوشاری سلێمانی بڵاوکراوەتەوە کە دورە لەراستیەوە.
راشیگەیاندوە، تەنھا دووقوتابخانە کە خویندن بەزمانی تورکییە و خویندن تێیاندا ساڵانە بە پارەیە، ئەم دووقوتابخانەیە بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران و بەراوێژ لەگەڵ وەزارەتی پەروردە بەمەبەستی چارەسەرکردنی گرفتی کەمی قوتابخانە و بە راوێژ لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی وگەشتوگوزار ئەو دووقوتابخانەیە بفرۆشرێت بەزیادکردنی ئاشکرا.
سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی تەئکیدی کردووەتەوە، دواتر بریار دەرچوو بە ھەڵوەشاندنەوەی فرۆشتنی لەگەڵ راگرتنی زیادکردنکە وبڕیاری راگرتنی زیادکردنەکە لە پەیجی فەرمی سەۆکایەتی شارەوانی سلێمانی بلاو کرایەوە لە رێکەوتی ٣ی ئایاری ٢٠٢١ لە رۆژنامەی کوردستانی نوێ دا بڕیاری بڵاوکراوەتەوە.
ئاسۆ ھاشم سەرۆکی تیمی پارێزەرانی بەدەل بەرواری بە کوردسات نیوزی راگەیاند، راگیراوەکانی بادینان لە ٢٦ی شوبات، حەوت کەس بوون ، پێنج کەس لەوانە سزای ٦ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپێنرا، بەڵام دۆسیەی مامۆستا بەدەل بەرواری و ئومێد حاجی برۆشی، لەلایەن دادوەری دادگایی تاوانەکانی دووی ھەولێر گەڕێنرایەوە بۆ دادگای لێکۆڵینەوە، چونکە وتەی یەکێک لە شاھیدەکانی تێدا نەبووە، بەوھۆیەشەوە پەڕاوی ئەو دوو کەسە لە پەڕاوی راگیراوەکانی تری بادینان جیاکرایەوە.
وتیشی، لە ٩ی نیسانی ٢٠٢١ جارێکی تر دادگای لێکۆڵینەوە، پەڕاوەکەی گەڕاندەوە بۆ دادگایی تاوانەکانی دووی ھەولێر، لە ئێستاشدا بڕیاردراوە ١٧ی ئابی ٢٠٢١ مامۆستا بەدەل بەرواری و ئومێد حاجی برۆشی دادگایی بکرێن.
جەختی لەوەشکردەوە، ئەو بڕیارە نا دادپەروەرانەیە، چونکە ئەو ماوە درێژە بەشێکە لە پڕۆسەی ئازاردانی مامۆستا بەدەل بەرواری و ئەو سیناریۆیەی لە بەرامبەری ھەیە و ھیچ بەڵگەیەک لە دژی نییە.
یەکێک لەو ھاوڵاتیانەی لە ھندستان گیری خواردووە بە کوردسات نیوزی راگەیاند، دەیان ھاوڵاتی ھەرێمی کوردستان، کە بۆ چارەسەر روویان لە ھندستان کردووە، زیاتر لە مانگێکە لە وڵاتە گیریان خواردووە و ناتوانن بگەڕێنەوە.
وتیشی، باڵیۆزخانەی عێراق و ھێڵی ئاسمانی عێراق ئەولەوییەتیان بۆ ھاوڵاتیانی عەرەبە و ئاستەنگی بۆ گەڕانەوەی کوردەکان دروست دەکەن.
رونیشیکردەوە، بڕیارە رۆژی پێنج شەممە بەشێکی تر لە ھاوڵاتیانی عێراق لە ھندستانەوە بگەڕێنەوە، بەڵام ھیچ ھاوڵاتییەکی کوردی تێدا نیەو بلیتی گەڕانەوەش گرانکراوە و گەیشتووەتە ھەزار دۆلار.
بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی کارەبای ھەرێم، تائێستا ٦٣٣ ھەزار و ٦٦٥ پێوەری زیرەک بۆ ھاوبەشانی کارەبا بەستراوە.
بەپێی راگەیەنراوەکە، لە سلێمانی ٢٤١ ھەزار و ٣١٥ پێوەر و لە ھەولێر ٢٠٦ ھەزار و ٦٠٦ پێوەر و لە دھۆک ١٢٤ ھەزار و ٥٧٩ و لە گەرمیانیش ٦١ ھەزار و ١٦٥ پێوەری زیرەک بۆ ھاوبەشانی کارەبا بەستراوە.
وەزارەتی کارەبا راشیگەیاندوە، پێوەری زیرەک یەکەکانی کارەبا بە پێی کات تۆمار دەکات و دەیپارێزێت و ھەڵیدەگرێت و لەڕێگەی پەیوەندی و گەیاندنەوە بۆ ناو کۆمپانیا یان کۆنترۆڵی دەنێرێت، بێجگە لەوەش ھەموو وردەکارییەکی ھەر بەکارھێنەرێکی کارەبا تۆمار و چاودێریی دەکات، ھەروەھا وردەکاریی زۆر لەسەر بەکارھێنانی کارەبا لەلایەن بەکاربەرەوە تۆماردەکات، کۆنترۆڵی کارەباش ئاگادار دەکاتەوە لە ھەر سەرپێچی و دەستکارییەک کە ھاوبەشی کارەبا بیکات و کۆنترۆڵ دەتوانێت کارەباکەی ببڕێت، بڕیاریشە لە ماوەی ئەمساڵدا پێوەری زیرەک لە تەواوی ھەرێمی کوردستان ببەسترێت.
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ھەرێم رایگەیاند، ئامادەکاری دەکەن بۆ پێدانی بەشە خۆراکی سێیەم بۆ ھاووڵاتیان و لەو چوارچێوەیەشدا بەڕێوبەرایەتی خۆراکی سەر بە بەرێوبەرایەتی گشتی بازرگانی ھەرێم، بڕی ٣٦٠ تۆن زەیت و ٢٢٥ تۆن شەکری ئامادە کردوە بەمەبەستی دابەشکردنی بەسەر بریکارەکاندا.
لە بەشێکی تری راگەیەنراوەکەدا ھاتووە،ئەو زەیت و شەکرەی ئامادەکراوە بەشی سێیەمە بۆ مانگی نیسانی ٢٠٢١و لەڕێگەی بریکارەکانی خۆراکەوە بەسەر ھاووڵاتیاندا دابەشدەکرێت.
دەقی روونکردنەوەکە..
شەوی ٨ \٩-٥-٢٠٢١ راپۆرتێک بڵاوکراوەتەوە کە تیایدا بە شێوەیەکی ناڕوون تۆمەتی بەشداربوون لە کەیسی تیرۆرکردنی ژەنراڵ قاسم سلێمانی دەخاتە سەر چەند ئەفسەرێکی کوردی و لە شوێنێکی تر ناوی ھێزێکی دژە تیرۆری سەر بە ھەرێمی کوردستان ھاتووە، گەرچی ئێمە نازانین کە نووسەرانی راپۆرتەکە مەبەستیان لە کام ھێزی دژە تیرۆرە لە کوردستان، چونکە بەداخەوە تا ئێستاش وەک ئاشکرایە، دوو ھێزی پێشمەرگە و دوو ئاسایش و دوو ھەواڵگری و دوو دژە تیرۆر لە ھەرێمی کوردستان ھەن، بەڵام ئەوەی پەیوەندیی بە ئێمەوە وەک ھێزەکانی دژە تیرۆر ھەبێت، بەھەموو شێوەیەک ئاگاداربوون و بەشداربوونی ھێزەکەمان لە کردەوەی لەوجۆرەدا رەتدەکەینەوە، خۆ ئەگەر راپۆرتەکە پەیوەندی بە لایەنەکەی ترەوە ھەبێت، ئەوا حەقی وایە خۆیان روونکردنەوە بدەن، بەتایبەت کە ئێمە ئاگاداری ھیچ چالاکییەکی ئەوان نین و ئەوان لە دەرەوەی ھەموو دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستانن.
ژەنراڵ قاسم سلێمانی ھاوڕێیەکی نزیکی خوالێخۆشبوو ھەڤاڵ مام جەلال بووە و، دەزگای دژە تیرۆر رۆژگارێک لەو سەنگەرەدا شەڕی دژ بە تیرۆریزمی کردووە کە قاسمی سڵێمانییش تیایدا دەجەنگا، ئاشکرایە کە بە تیرۆرکردنی سەرکردەیەکی لەم ئاستە، ھەرێمی کوردستان دۆستێکی مێژوویی خۆی لەدەستدا و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش ھاوڕێیەکی مام جەلالی لەدەستچوو.
شایانی بیرھێنانەوەیە کە حکومەتی ئێران و حکومەتی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لە کەیسی بە ئامانجگرتنی فەرماندە باڵاکەی یٔێران لە عێراق، لە ساڵی رابردووەوە لیژنەیەکی ھاوبەشیان پێکھێناوە بۆ بەدواداچوون لەسەر دۆزینەوەی بکەرەکانی ئەو کردەوەیە و، بۆ دەستنیشان کردنی بکەرەکانی چاوەڕوانی راپۆرتی میدیایی ناکەن، ئێمەش ئامادەین بۆ وەڵامی ھەر پرسیارێک.
سەرباری ئەمانەش، ئێمە ئەو گریمانەیە بەھەند وەردەگرین کە دەزگایەکی ھەواڵگریی ناوخۆیی لە ھەرێمی کوردستان، دەستی ھەیە لە ھەوڵدان بۆ تێوەگلاندنی دەزگاکەمان، بەتایبەت کە ئاگادارین ماوەیەکە ئەو دەزگا ھەواڵگرییە، (بەشێکی تایبەت)ی پێکھێناوە بۆ دزەپێکردنی زانیاریی چەواشە بۆ میدیا ناوچەیی و جیھانییەکان و، دەیانەوێت بە ھەر نرخێک بووە زیان بە ناوبانگ و ئاسایش و ئارامیی ھەرێمی کوردستان و زۆنی سەوز بگەیەنن. بڵاوکردنەوەی ئەم راپۆرتە ھەواڵەش تایبەت بە شەھیدکردنی حاجی قاسم سلێمانی لەم کاتەدا، و لکاندنیشی بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە لەلایەن میدیاکانی پارتییەوە، بۆ ئەوەیە قەرەبووی ئەو زیانە گەورەیە بکەنەوە کە بەھۆی پاراستنی بەرژەوەندیی تەسک، دژایەتییان لەگەڵ خەڵک و یاریکردن بە چارەنووسی ھەرێمی کوردستان، بەر پێگە حزبی و سیاسی و دیپلۆماسییەکەیان کەوتووە، بەتایبەتتریش دوای سکانداڵی دەستگیرکردن و زیندانی کردنی رۆژنامەنووسی گەنجی کورد بە تۆمەتی بێ بنەما، کە متمانەی لای خەڵک و دەرەوەش بۆ نەھێشتوون.
وتەبێژی دەزگای دژە تیرۆر
٩-٥-٢٠٢١
د.شاناز نەقشبەندی وتەبێژی تەندروستی ھەڵەبجە بە کوردسات نیوزی راگەیاند، لە بەردەوامیی زیادبونی ئامارەکانی کۆرۆنادا لە ھەڵەبجە، توشبویەکی تر گیانی لەدەستداوە، ژمارەیەکیش لە توشبوانی ڤایرۆسەکە لە نەخۆشخانەی وەفا لە ژێر چاودێری پزیشکیدان و دوان لە توشبوەکان رەوشی تەندروستییان ناجێگیرە و لە ژێر چاودێری چڕدان.
وتیشی, لە ماوەی ٣٠ رۆژدا سێ توشبوی کۆرۆنا لە ھەڵەبجە گیانیان لەدەستداوە و ھۆکاری زیادبونی ئامارەکانیش بۆ پابەند نەبوون بە رێنماییەکان و وەرنەگرتنی ڤاکسین دەگەرێتەوە، چونکە ھاوڵاتیان بەپێی پێویست بە دەم ڤاکسینەکانەوە نەچوون و تا ئێستا تەنھا ٦٠٠ کەس لە ھەڵەبجە ڤاکسینیان وەرگرتوە .
ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، ئەگەرچی تا ئێستا ئامارەکانی کۆرۆنا بەرزە و شەپۆلی دwوەمی ڤایرۆسەکە لە ھەرێمی کوردستان بەردەوامە، بەڵام لە رۆژانی رابردوودا تا رادەیەک ئامارەکان کەمبونەتەوە.
وتیشی، تا ئێستا ٩٠ ھەزار دۆزی ڤاکسین ھاتووەتە ھەرێمی کوردستان و ٧١ ھەزار و ٦٢٩ کەس ڤاکسینیان وەرگرتوە ، ١١١ ھەزار کەسیش ناوی خۆیان بۆ وەرگرتنی ڤاکسین تۆمارکردوە.
وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی راشیگەیاند، پێشبینی دەکەن رێژەی لە سەدا ٢٠ بۆ ٣٠ ھاوڵاتیان ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن.
ئەمڕۆ یەک شەممە لە قائیمقامیەتی سلێمانی بە ئامادەبونی د.ھەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و ئازاد محەمەد ئەمین سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا و جێگرانی پارێزگار و ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی و بەڕێوەبەری فەرمانگەکان و ئەندامانی لیژنەھاوبەشەکان کۆبوونەوەیەکی فراوان بەڕێوەچوو بۆ ھەڵسەنگاندنی کاروچالاکیەکانی لیژنەھاوبەشەکان .
لەبارەی کارەکانی لیژنەکان و بەدواداچونەکانیان قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند، بەھۆی ھەماھەنگی و ھاوکاری فەرمانگە پەیوەندیدارەکان و پەرۆشی ھەموان بۆ پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندی گشتی لیژنەھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی ھەنگاوی گەورە و گرنگیان ناوە بۆ پاراستنی تەندروستی ھاوڵاتیان و بەرژەوەندی گشتی و رێگریکریکردن و سزادانی ئەو کەسانەی کە بێ گوێدانە تەندروستی خەڵک دەیانەوێت لەدەرەوەی مەرج و رێنماییەکان کاربکەن .
ئاوات محەمەد وتیشی، بەشێوەیەکی دادپەروەرانە لیژنەکان کارەکانیان ئەنجام دەدەن و بەدڵنیاییەوە قورسترین بڕیار داخستن و سزادانی شوێنەکانە، بەڵام ناکرێت تەندروستی و ژیانی خەڵک لەبەرچاونەگیرێت لەبەرئەوە ناچاردەبن لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو کەسانە بکەین کە پابەندی رێنماییەکانی کارکردن نابن.
قائیمقامی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، داخستن و سزادانی شوێنەکان بەمانای ئەوە نییە زۆرینەی شوێنەکان خواردن و مەوادی زیان بەخش دەخەنە بازاڕەوە بەڵکو چاوکراوەیی لیژنەکان نیشان دەدات، کە لە نێو ھەزاران شوێندا دەتوانن ئەوشوێنانە ئاشکرا بکەن کە پابەند نابن و رووبەرووی سزایان دەکەنەوە ئەوانەی سزادودرێن ژمارەیەکی کەمن لەنێو ئەو ھەزاران شوێنەی کە پابەندی رێنماییەکانن.
د.ھەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانیش رایگەیاند، بەدانپێدانانی ھەمووان لیژنەھاوبەشەکان رۆڵێکی یەکجار گەورەو کاریگەر دەبینن لە پاراستنی تەندروستی خەڵک و داکۆکی کردن لە بەرژەوەندی گشتی.
وتیشی، پاڵپشتی تەواوی ھەوڵ و چاودێرییەکانی لیژنەکان دەکەین بۆ ئەوەی بتوانن بەھەمان گوڕوتینەوە بەردەوام بن لە چاودێری و بەدواداچونەکانیان.
راشیگەیاند، دەبێت ھەموو لایەک بەتایبەت کاسبکاران لەوەبگەن ئەوەی لیژنەکان دەیکات دەکۆکی کردنە لە تەندروستی و بەرژەوەندی گشت و کەسوکارمان چونکە بونی خوارن و مەوادی زیان بەخش زیان بە تەندروستی گشتیمان دەگەیەنێت.
ئازاد محەمد ئەمین سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش رایگەیاند، دەستخۆشی تەواو لە لیژنەھاوبەشەکان دەکەم لەبەرامبەر ئەو رۆڵەگرنگەی کە دەیبینن لە پارێزگاریکردن لە ژیان و تەندروستی خەڵک و داکۆکی لە بەرژەوەنی گشتی.
وتیشی، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە ھەموو رویەکەوە پاڵپشت و پشتیوانی لە کار و بەدواچونەکانی لیژنەکان دەکات.
ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لە کۆنفرنسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەماوەی ٢٦ رۆژی مانگی رەمەزاندا لیژنەھاوبەشەکانی قائیمقامیەت حەوت ھەزار و ٨١٥ سەردانی شوێنەکان گشتییەکانیان کردووە و لە کۆی سەردانەکان ٨٢٥ سەرپێچی تۆمارکراوە.
وتیشی، لەو ماوەیەدا ١٢٢ شوێن داخراوە، کە پابەند نەبوون بە رێنماییەکانەوە و٥٥٠ پسوڵەی ئاگادارکردنەوە بۆ شوینەکان کراوە و ھەروەھا ١٢ کەیسیان رووبەرووی دادگا کردووەتەوە.
ئاشکراشیکرد، ٥٢ تەن موادی بەسەرچوو، کە دەستیان بە سەردا گیرابوو لەناوبراون و ٤٨ ملیۆن ٢٥٠ ھەزار غەرامەی ئەو شوێنانە کراوە، کە پابەند نەبوون.
قائیمقامی سلێمانی روونیشیکردووە، زۆرینەی شوێنەکان لە سلێمانی پابەندن بە بەرێنماییەکانەوە، چونکە لە کۆی نزیکەی ھەشت ھەزار سەردان تەنھا ١٢٢ شوێن داخراون.