پارێزگاری سلێمانی: لیژنەکان رۆڵێکی کاریگەر دەبینن لە پاراستنی تەندروستی خەڵک
کوردسات نیوز
٩ی ئایاری ٢٠٢١
٥٧٣
ئەمڕۆ یەک شەممە لە قائیمقامیەتی سلێمانی بە ئامادەبونی د.ھەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی و ئازاد محەمەد ئەمین سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا و جێگرانی پارێزگار و ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی و بەڕێوەبەری فەرمانگەکان و ئەندامانی لیژنەھاوبەشەکان کۆبوونەوەیەکی فراوان بەڕێوەچوو بۆ ھەڵسەنگاندنی کاروچالاکیەکانی لیژنەھاوبەشەکان .
لەبارەی کارەکانی لیژنەکان و بەدواداچونەکانیان قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند، بەھۆی ھەماھەنگی و ھاوکاری فەرمانگە پەیوەندیدارەکان و پەرۆشی ھەموان بۆ پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندی گشتی لیژنەھاوبەشەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی ھەنگاوی گەورە و گرنگیان ناوە بۆ پاراستنی تەندروستی ھاوڵاتیان و بەرژەوەندی گشتی و رێگریکریکردن و سزادانی ئەو کەسانەی کە بێ گوێدانە تەندروستی خەڵک دەیانەوێت لەدەرەوەی مەرج و رێنماییەکان کاربکەن .
ئاوات محەمەد وتیشی، بەشێوەیەکی دادپەروەرانە لیژنەکان کارەکانیان ئەنجام دەدەن و بەدڵنیاییەوە قورسترین بڕیار داخستن و سزادانی شوێنەکانە، بەڵام ناکرێت تەندروستی و ژیانی خەڵک لەبەرچاونەگیرێت لەبەرئەوە ناچاردەبن لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو کەسانە بکەین کە پابەندی رێنماییەکانی کارکردن نابن.
قائیمقامی سلێمانی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، داخستن و سزادانی شوێنەکان بەمانای ئەوە نییە زۆرینەی شوێنەکان خواردن و مەوادی زیان بەخش دەخەنە بازاڕەوە بەڵکو چاوکراوەیی لیژنەکان نیشان دەدات، کە لە نێو ھەزاران شوێندا دەتوانن ئەوشوێنانە ئاشکرا بکەن کە پابەند نابن و رووبەرووی سزایان دەکەنەوە ئەوانەی سزادودرێن ژمارەیەکی کەمن لەنێو ئەو ھەزاران شوێنەی کە پابەندی رێنماییەکانن.
د.ھەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانیش رایگەیاند، بەدانپێدانانی ھەمووان لیژنەھاوبەشەکان رۆڵێکی یەکجار گەورەو کاریگەر دەبینن لە پاراستنی تەندروستی خەڵک و داکۆکی کردن لە بەرژەوەندی گشتی.
وتیشی، پاڵپشتی تەواوی ھەوڵ و چاودێرییەکانی لیژنەکان دەکەین بۆ ئەوەی بتوانن بەھەمان گوڕوتینەوە بەردەوام بن لە چاودێری و بەدواداچونەکانیان.
راشیگەیاند، دەبێت ھەموو لایەک بەتایبەت کاسبکاران لەوەبگەن ئەوەی لیژنەکان دەیکات دەکۆکی کردنە لە تەندروستی و بەرژەوەندی گشت و کەسوکارمان چونکە بونی خوارن و مەوادی زیان بەخش زیان بە تەندروستی گشتیمان دەگەیەنێت.
ئازاد محەمد ئەمین سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش رایگەیاند، دەستخۆشی تەواو لە لیژنەھاوبەشەکان دەکەم لەبەرامبەر ئەو رۆڵەگرنگەی کە دەیبینن لە پارێزگاریکردن لە ژیان و تەندروستی خەڵک و داکۆکی لە بەرژەوەنی گشتی.
وتیشی، ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە ھەموو رویەکەوە پاڵپشت و پشتیوانی لە کار و بەدواچونەکانی لیژنەکان دەکات.